پارتی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێ ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سعوود بارزانی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی کرد و گرنگی و هه‌ستیاریی قۆناغه‌كه‌ به‌ بیر هه‌موو لایێک ده‌هێنێته‌وه‌ و بانگهێشتی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی سه‌ركه‌وتوو ده‌كات به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نیشتمان بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و حزبی و پله ‌و پۆسته‌كان له‌ به‌غدا ئامانج نه‌بن ئه‌وه‌نده‌ی شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و ته‌وازن له ‌ڕیزبه‌ندیی یه‌كه‌م و دووهه‌‌م و سێیه‌می ئه‌وله‌وییاتی گفتوگۆی هه‌رێم و به‌غدادا بن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سعوود بارزانی کۆ بوویه‌وه‌ و له‌و کۆبوونه‌وه‌دا هه‌ڵبژاردنی چواره‌مین خولی په‌رله‌مانی عێراق و کێشه‌کان و ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ و له‌ کۆتاییدا ڕاگه‌یێندراوێک له‌باره‌ی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ بڵاو کرایه‌وه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یێندراوی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

به ‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/5/2018، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیمان، له ‌دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵانی كۆ بوووه‌وه‌.

سه‌ره‌تا هه‌ڵسه‌نگاندن كرا بۆ یه‌ک به‌ یه‌كی قۆناغه‌كانی پرۆسه‌كه‌، هه‌ر له ‌قۆناغی به‌ر له ‌هه‌ڵبژاردن؛ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن؛ ئاماده‌كارییه‌كان؛ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن؛ ئه‌نجامدان و سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ كه‌ تیایدا پارتیمان به‌ شێوه‌یێكی شارستانی و سه‌رده‌میانه‌ به‌ڕێوه‌ی ‌برد. هه‌روه‌ها باس له‌ قۆناغی ده‌نگدان و ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی هاتنه ‌پێش كرا و شرۆڤه‌ی بیروڕا جیاجیاكان كرا له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

به ‌ڕای كۆبوونه‌وه‌، قۆناغی خۆ ئاماده‌ كردن و هه‌نگاونانه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاستێكی باشدا بوو، هه‌ر له‌ بنكه‌كانی خواره‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی پارتیمان تا سه‌ركردایه‌تی و ڕۆڵی ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگران و كادیران و ئۆرگانه‌كان به‌رز نرخێندرا كه‌ سه‌ره‌ڕای پابه‌ند نه‌بوونی هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن به‌و ڕێنمایی و پرنسیپانه‌ی كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن دیاری كردبوون، به‌ڵام كادیران و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان، به‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی و هه‌ستیاریی بارودۆخ و قۆناغه‌كه‌، به‌وپه‌ڕی هۆشیارییه‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌یان ده‌رباز كرد. بۆیه كۆبوونه‌وه‌‌ به‌ قه‌درزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و ره‌فتاره و ئاكارانه‌ی ئه‌ندام و كادیر و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان.

سه‌باره‌ت به‌ گرفت و كێشه‌كانی رۆژی ده‌نگدان، وه‌ک له‌كاركه‌وتن یا دره‌نگ به‌كارخستنی ئامێره‌كانی ویستگه‌كان و نا‌شاره‌زایی هه‌ندێک له‌ فه‌رمانبه‌رانی كۆمیسیۆن گفتوگۆی پێویست كرا و ده‌بوایه‌ كۆمیسیۆن له‌وه‌ زیاتر ئاماده‌سازیی كردبایه‌ و مه‌شقی به‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی كردبایه‌ و ئه‌م بابه‌تانه‌ و پێڕانه‌گه‌یشتنی ژماره‌یێک له‌ هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ به‌ ده‌نگدان له‌ ڕۆژی ده‌نگدانی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ریش له‌ ڕۆژی 2018.05.12 له‌ ئاكامی ئه‌و گرفته‌ ته‌كنیكییانه‌ی هاتبوونه‌ پێش زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرابوون.

پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام درا، له‌ قۆناغی جیا كردنه‌وه ‌و ژماردنی ده‌نگه‌كان گومان له‌سه‌ر پاک و بێگه‌ردیی ده‌ره‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ندین لایه‌نی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن راگه‌یێندرا و پارتیشمان له‌ ڕێگه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمی ڕای خۆی به ‌ڕوونی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ گومانمان له‌ ده‌ره‌نجامه‌ به‌رایییه‌كانی پارێزگای سلێمانی ده‌ربڕی كه‌ ده‌ره‌نجام وه‌كوو ڕای ده‌نگده‌ری پارتیمان نه‌بوووه‌ و بۆ ره‌وینه‌وه‌ی گومانه‌كان و پاراستنی ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری، داوای ژماردنه‌وه‌ی پسووله‌ی ده‌نگدانه‌كانمان به ‌ده‌ست كردبوو، ئاماده‌یییشمان ده‌ربڕی كه‌ ئه‌گه‌ر به پێویست بزاندرێ ‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بیگرێته‌وه‌.

ئێستاش كه‌ ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆن راگه‌یه‌ندرا هه‌ر لایێک به ‌پێویست بزانێ بۆ لادانی گومانه‌كان با له‌ ڕێگه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسای به‌ركار هه‌وڵی خۆیان بده‌ن.

كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختی له‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی كرد و گرنگی و هه‌ستیاریی قۆناغه‌كه‌ به ‌بیر هه‌موو لایێک ده‌هێنێته‌وه‌ و بانگهێشتی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی سه‌ركه‌وتوو ده‌كات به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نیشتمان بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و حزبی و پله‌ و پۆسته‌كان له‌ به‌غدا ئامانج نه‌بن ئه‌وه‌نده‌ی شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و ته‌وازن له ‌ڕیزبه‌ندیی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می ئه‌وله‌وییاتی گفتوگۆی هه‌رێم و به‌غدادا بن.

هه‌روه‌ها زۆر پێویسته‌ كه‌شوهه‌وای هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن كۆتایی پێبێنین و هه‌ر گرفت و تێڕوانینێكی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ده‌ره‌نجامه‌كان، چ سه‌باره‌ت به‌ پێكه‌وه‌یی و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ل به‌غدا به‌ شیوازێكی لۆژیكی و واقیعی ده‌ربڕین.

كۆبوونه‌وه‌ دڵنیایه‌ كه‌ ویست و خواستی جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری كوردستان، یه‌كڕیزی و ته‌بایی له ‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌وێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ر و ته‌حه‌دییاتانه‌ی ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستووریانه‌ و به‌دیهێنانی ده‌سكه‌وتی زیاتر.

له‌ كۆتاییدا كۆبوونه‌وه‌ سوپاسی جه‌ماوه‌ری كوردستانی كرد به ‌گشتی و سوپاسی ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگران و كادیرانی پارتیمان كرد كه‌ له‌خۆبوردوووانه‌ تێكۆشان، بۆ له‌گۆڕنانی ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌للایانه‌ی ده‌دران بۆ په‌راوێزخستنی پارتیمان یا شكاندنی ئیراده‌ی پارتی و گه‌لی كوردستان كه له ‌ئه‌نجامدا‌ ویستی ناحه‌ز و دژه‌كان سه‌ری نه‌گرت و پارتی وه‌كوو حزبی یه‌كه‌می كوردستان مایه‌وه ‌و متمانه‌یان پێ به‌خشی.

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14260

Your Comment

You are replying to: .
captcha