کوردپرێس- پاش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە 8ی ئایار دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی واشەنتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەکی دەرکرد کاردانەوەکان بە فراوانی هاتنە ئاراوە و لە چەقی هەڵوێست نواندن و کاردانەوەکاندا وڵاتی ئێران لە ئاستی باڵا هاتە دەنگ و سەرۆک کۆماری ئێران بە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی ڕاسپارد لە ماوەیێکی کورتدا هەڵوێست و ڕای دیکەی لایەنەکانی واژۆکاری ئەو ڕێککەوتنە تاقی بکاتەوە و ئەگەر بە ئاشکرا بەرژەوەندی و سوودی ئێرانی تێدا نەچەسپا ئەوا ئێرانیش پێبەند نابێت بە ڕێککەوتنەکە و ئامادەیە بە بێ سنوور و لە ئاستی فراواندا دەست بکاتەوە بە پیتاندنی ئوورانیۆم.
هەر بەو مەبەستەش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گەشتێکی دەست پێکرد و لە یەکەم وێزگەدا گەیشتە وڵاتی چین و پاش دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هەر دوو لایەن پێداگرییان کرد لە پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و پاشان ڕۆژی دووشەمە 14ی ئایاریش زەریف سەردانی ڕووسیای کرد و لە مۆسکۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سێرگیی لاڤرۆڤ کۆ بوویەوە و دیسان ڕووسیاش سوور بوونی خۆی بۆ پارێزگاری کردن لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی دووپات کردەوە و وتی ئەو ڕێککەوتنە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و مۆسکۆ هاوکار دەبێت بۆ ڕزگار کردنی.
هەر دوو وڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیا دووپاتیان کردۆتەوە کە سوورن لە سەر پارێزگاری کردن لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیی ئێران. ژان ئیو لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەو بارەیەوە لەگەڵ بۆریس جانسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دیدارێکیان کرد و لە لەندەنی پێتەختی بەریتانیا جەختیان کردەوە کە هەڵوێستی هەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا لە سەر یەکڕیزییە و ئیرادە دەنوێنین بۆ پارێزگاری کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بڕیارە سبەی لە بڕۆکسێل لەگەڵ هاوتا ئێرانی و ئاڵمانی و بەریتانییەکەی خۆی دیدار بکات و بە ئاشکرا ڕایگەیاند کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بەو مانایە نییە کە ڕێککەوتنەکە چیتر هیچ بایەخی نەبێت و بە پووچەڵی بزانین.
لۆدریان ئەوەشی باس کرد: "ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێکی "بردنەوە-بردنەوە" بوو. بۆیە تا ئەو کاتەی وڵاتی ئێران پێبەند بێت بە ڕێککەوتنەکە ئێمەیش نایشکێنین و بە زیندوویی دەیهێڵینەوە."
لای خۆیشیەوە بۆریس جانسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە دیداری خۆی لەگەڵ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێداگریی کرد لە سەر پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ڕایگەیاند: سبەی لە دیدارەکەی بڕۆکسێلدا لە سەر یارمەتی دانی کۆمپانیا بەریتانی و ئەورووپییەکان قسە دەکەین ئەوەش بۆ بەردەوامی دان بە پێوەندیی ئابووریمان لەگەڵ وڵاتی ئێران.
بۆریس جانسن ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم کارە ئاسان نییە بەڵام وتی ئێمە سوورین لە سەر هەڵوێستی خۆمان و پێداگری دەکەین لە سەر پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.
هاوکات ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەورووپاش بڵاوی کردۆتەوە کە فێدریکا مۆگرینی لە دانیشتنێکی "پەیمانگای توێژینەوە ئەمنییەکانی یەکێتیی ئەورووپا" تیشکی خستۆتە سەر دیدارەکەی ڕۆژی سێشەمەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە بڕۆکسێل و وتوویەتی: ئێمە هاوکار دەبین بۆ پارێزگاری کردن لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ دوو وڵاتی ڕووسیا و چین گەیاندمانە ئەنجام. بۆیە ئێمە پێکەوە ئەو ڕێککەوتنە ڕزگار دەکەین.
ئێستا هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە کۆ دەنگن لە سەر پارێزگاری کردن لەو ڕێککەوتنە و وتوویانە لە بەرانبەر سزا و ئابلۆقەی ئەمریکا پشتیگری دەکەن لە کۆمپانیا ئابوورییەکانیان بۆ بەردەوام بوون لە هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئێران. لەلایێکی تریشەوە جان بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش وتوویەتی سزای ئەو کۆمپانیا ئابوورییانە نادەین کە هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئێران دەکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشتر وتبووی ماوەی شەش مانگ دەرفەت دەدات بە هەموو کۆمپانیا ئابوورییەکان سەرجەم هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبهێنن ئەگینا سزاکانی سەر ئێران هەمان کۆمپانیا ئەورووپی و بیانییانەش دەگرێتەوە کە هاوکاریی ئێران دەکەن.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە لە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیدا گەیشتە ئەنجام لە باری ناوخۆییەوە ڕاجیاوازیی لە سەر بوو و لە سەر ڕێنموونی و ددان پێدانانی ڕێبەری باڵای ئێران گەیشتە ئەنجام و ئێستا پاش کشانەوەی ئەمریکا ڕەخنەکان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە لە ناوخۆی دەسەڵات زیادی کردووە و لە یەکەم کاردانەوەدا پەڕلەمانتارانی ئێران لە هۆڵی پەڕلەمان ڕێککەوتننامەکەیان سووتاند و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێرانیش پێش دوو ڕۆژ بەیاننامەیێکی دەرکرد و ئەو ڕێککەوتنە بە ڕێککەوتنێکی سەقەت وەسف کرد و وتی دەبێت ڕۆحانی لە بەر ئەو ڕێککەوتنە سەقەتی کردوویەتی داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکات.
دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیش لە بەرانبەر ئەو بەیاننامەیەدا بێدەنگ نەبوو و لە وەڵامدا وتبووی ئەوانەی دەبوو بەبۆنەی هەڵوێستە ناڕەواکانیانەوە داوای لێبوردنیان لە گەل کردبا ئێستا خۆیان کردۆتە خاوەن قەرز و دەڵێن دەبێت دەوڵەت داوای لێبوردن بکات!
دەوڵەتی ڕۆحانی لە بەیاننامەکەیدا زیادی کردبوو کە ئەو ڕێککەوتنە لە سەر ڕێنموونی و دان پێدانانی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران واژۆ کراوە و هیچ بەرژەوەندی و سوودیکی نیشتمانیی ئێران مامەڵە یان دانووستانی لە سەر نەکراوە.
ئێستاش بە ڕوونی دیار نییە ئەم ململانێ و قسە و باسە چیی لێ دەردێت و ئایا محەمەد جەواد زەریف پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران دەستی بەتاڵ دەبێت یان خود خێر. ڕەوتەکە بەو ئاراستەیە دەڕوات کە سەرجەم وڵاتانی واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی سوورن لە سەر مانەوە و پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتنەکە بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ئەمریکا قبووڵی دەکات چین و ڕووسیا و سێ وڵاتی ئەورووپیی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە بەو ئاسانییە بەردەوام بن لە هاوکاری کردنی کۆمپانیاکانیان و پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتنەکە؟ سەرەڕای ئەمەش پرسیاری گرینگتر ئەوەیە کە ئایا لە باری ناوخۆییەوە دەوڵەتی ڕۆحانی تینی ئەوەی تێدا دەمێنێت کە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات و قەناعەت بە لایەنەکانی دیکەی ناوخۆ بهێنێت کە ئێستاش ئەو ڕێککەوتنەی دەوڵەتەکەی ئەو لەگەڵ وڵاتانی 5 کۆ یەک کردی ڕەوتێکی ئاشتییانە و دیپڵۆماسییانەیە و کارتێکەر بووە لە پێشخستنی ئابووری وڵاتەکەی یان خێر؟
* لە سەر ئەرکی بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس نووسراوە
Your Comment