پێویستە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان دووبارە بکرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی شەش لایەنی کوردستانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی) بۆ تاوتوێ کردنی ئەنجامی هەڵبژاردن کۆتایی هات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆبوونەوەکە لە بارەگای ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بوو لە هەولێر. سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری یەکگرتوو لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا بەناوی شەش حیزبە ناڕازییەکەوە بەیاننامەیێکی شەش خاڵی خوێندەوە.

سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاند: پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی‌ رووبه‌ڕووی ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كارییێكی به‌رنامه‌ بۆ داڕرێژراوی پێشوه‌خته‌ بووەته‌وه، پێویستە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان دووبارە بکرێتەوە.

دەقی راگەیێندراوەکەی شەش لایەنەکە:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 14/5/2018، شەش لایه‌نی سیاسیی كوردستانی له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌م له‌ باره‌گای یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یێكی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا، به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ باره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ له‌ ( 12/5 )دا ئه‌نجامدرا.

به‌داخه‌وه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كاریێكی به‌رنامه‌ بۆ دارێژراوی پێش وه‌خته‌ بۆته‌وه‌، دوای تاوتوێ كردنی پرۆسه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م چه‌ند بڕیاره‌ی خواره‌وه‌ :

1. ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و كۆی پرۆسه‌كه‌ به‌ هۆی زه‌وت كردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و دزینی ده‌نگه‌كانیان.

2. داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای كه‌ركووک و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی به‌زووترین كات.

3. ئامانجی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌رگری كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیستحقاقی راسته‌قینه‌ی ده‌نگده‌رانی گه‌له‌كه‌مان.

4. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌موو رێكاره‌ سیاسی و یاسایی و مه‌ده‌نیه‌كان ده‌گرینه‌ به‌ر دوور له‌ هه‌موو جۆره‌ تووندوتیژیێک.

5. پێكهێنانی لێژنه‌یێكی هاوبه‌ش له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌م (6) لایه‌نه‌ بۆ به‌دواداچوون و گێرانه‌وه‌ی ده‌نگه‌ دزراوه‌كانی جه‌ماوه‌ر و ده‌رگاش كراوه‌یه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر لایه‌نێكی تری سیاسی كه‌ ئاماده‌بێت به‌رگری له‌ مافی ده‌نگده‌رانی گه‌له‌كه‌مان بكات.

6. داوا له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین به‌ خێرایی به‌ده‌م داواكارییه‌كانمانه‌وه‌ بێت.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 14216

Your Comment

You are replying to: .
captcha