بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاراس حەبیب محەمەد کەریم لە لێدوانێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «الحیات»ی لەندەن وتی ئەگەری ساختەکاریی هەندێک لە حیزبە دەسەڵاتداراەکان لە دەرەوەی وڵات و ژمارەیێک لە پارێزگاکانی عێراقدا کە لە ژێر کونترۆڵی گرووپی تیرۆریستیی داعش بوون هەیە و سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقیش بەپێی پێوەری ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی هەڵدەبژێردرێت.
ئاراس حەبیب محەمەد کەریم وتیشی پێش بینی دەکات کە ئیئتیلافی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی براوەی هەڵبژاردنی ئێستای پەرلەمانی عێراق بێت و زیادی کرد ئەگەری جێبەجێ کردنی هەندێک سیناریۆی دیکە پاش هەڵبژادرن وەکوو ئیئتیلافی عەبادی و مالیکی هەیە کە ئەوەش لێکەوتەی جیاوازی دەبێت؛ چوونکە ڕێکنەکەوتنی ئەو دوو لایەنە کاریگەری دەبێت لەسەر ئیتیلافەکانی دیکە.
ناوبراو ئاماژەی دا بە هەندێک ڕاپۆرت کە باس لە ڕێککەوتنی حیزبە سیاسییەکان دەکەن بۆ ڕێگری کردن لە کاربەدەستیی پوستی سەرۆک وەزیریی لە لایەن حیزبی دەعوە و وتی: لەو بارەیەوە گفتوگۆ زۆر ئەنجام دراوە، بەم حاڵەشەوە دەستی بیانی لە دەرەنجامی هەڵبژاردندا کاریگەریی زۆری هەیە؛ چوونکە پرسی دیاری کردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسراوە بە سێ هێزی سەرەکییەوە واتا مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف و ئەمریکا و ئێران.
سکرتێری گشتیی کونگرەی نەتەوەیی عێراق جەختی کردەسەر ئەوەی کە ئێران و ئەمریکا بەرژەوەندییان لە عێراق هەیە و بڕیاردان لەبارەی هەڵبژادرنی سەرۆک وەزیرانی عێراق مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف دەیدات.
ئاراس حەبیب وتی: خاڵی سەرنج ڕاکێش لە هەڵبژاردنی ئێستای عێراق ئەوەیە کە حیزبە سیاسییەکان چ کوردستانی چ شیعە و چ ئەهلی سوننە بە شپرزەیی لە هەڵبژادرنەکاندا بەشدار دەبن بەڵام ئیئتیلافی نەسر بە سەرۆکایەتیی عەبادی توانییەتی هەموو تەشکە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و ئیئتیلافەکانی دیکە لە یەک ئیئتیلافی یەکگرتوودا کۆ بکاتەوە.
ئاراس حەبیب لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەی الحیات لەباەری چۆنییەتیی نەخشە ڕێگای سیاسیی پەرلەمانی داهاتووی عێراق و ئەگەری دووپات بوونەوەی سیناریۆکانی ڕابردوو لە پەرلەمان وتی: ئەو پرسە بەسراوە بە خەڵکی عێراق و بژاردەی ئەوانەوە، چوونکە دەرەنجامی هەڵبژاردن پێکهاتەی پەرلەمانی داهاتوو دیاری دەکات.
ناوبرو زیادی کرد: ئەگەر یەک یا دوو حیزب لە عێراق زیاترین دەنگ بەدەست بێنن، ئەگەری هەیە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق لە ڕێگای ڕێککەوتن لەنێوان زۆرینەی حیزبە سیاسییەکاندا هەڵدەبژێردرێت.
سکرتێری گشتیی کونگرەی نەتەوەیی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر دەرەنجامی یەکسان لە هەڵبژادرندا بەدەست بێت سەرۆک وەزیران بە چ شێوەیێک هەڵدەبژێرن وتی: کەڵک وەرگرتن لە زۆرینەی سیاسی باشترین چارەسەری ئەو پرسە دەبێت.
ئاراس حەبیب هەروەها نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری ڕوودانی ساختەکاری دەربڕی و وتی: 5 لەسەدی هاوڵاتییانی عێراقی کارتەکانی خۆیان بۆ کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی بایۆمەتری بەڕۆژ نەکردووە بۆیەش دەنگەکانیان دەبێت بەشێوەی دەستی بژماردرێت، بەو هۆکارەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەتوانن دەرەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی خۆیان بگۆڕن. لە پارێزگا ڕزگار کراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەوان نەینەوا، ئەنبار و سەلاحەدین-یش ئەگەری ساختەکاری زۆرە.
ناوبراو لەبارەی نیگەرانیی ژمارەیێک لە حیزبە سیاسییەکان بۆ دەستێوەردان لە دەرەنجامی هەڵبژاردن وتی: ئەوە ئەگەری زۆر کەمە، چوونکە ئەو ساختەکارییە بە ئاسانی دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی ناڕەزایی دەربڕین و ژماردنی دووبارەی دەنگەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment