بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی «الحیات»ی لەندەن لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ئەژماری ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردووەتەوە باس لە ئەگەری کاندید بوونی بەربژێرانی ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکانی عێراق دەکات بۆ کاربەدەستیی لە پوستی سەرۆک وەزیری و سەرۆک کۆماری و سەرۆک پەرلەمانیی عێراق.
الحیات لە ڕاپۆرتەکەیدا لەبارەی پوستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەڵێت هێشتا دیار نییە ئەو پوستە پاش هەڵبژاردن دەگاتە کوردەکان یا عەرەبی سوننە، بەم حاڵەشەوە هەر لە ئێستاوە لیستی سوننەی "القرار" سەرۆکی خۆی "خمیس الخنجر"ی وەکوو کاندیدی بەدەستەوە گرتنی ئەو پوستە ناساندووە و ناوی بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و عەدالەت بۆ وەدەستەوە گرتنی ئەو پوستە براوە و دەوترێت کە فواد مەعسووم کە سەربە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە هەوڵ دەدات ئەو پوستە بۆ جارێکی دیکە بەدەست بێنێت.
الحیات لەبارەی پوستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق باس لە ڕکابەریی "سەلیم جبووری" سەرۆکی ئێستاکەی پەرلەمان و کاندیدەکانی ئەهلی سوننە لەوان "محمود المشهدانی"، سەرۆکی پێشوو دەکات و جەختیشی کردووە ئەگەر ئەو پوستە بدرێتە کوردەکان "ڕۆژنووس شاوەیس" سەر بە پارتی دیموکرات لە کاندیدە سەرەکییەکانی ئەو پوستەیە.
ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها دەڵێت: "حیدر عبادی" و "نوری مالکی"، سەرۆک وەزیرانی ئێستا و پێشووی عێراق وەکوو کاندیدی پوستی سەرۆک وەزیرین لە چوار ساڵی داهاتوودا و ڕکابەرەکانیشیان ڕەنگە "محمد شیاع السودانی" و "عبدالحسین عبطان" وەزیرانی ئێستای پیشەسازی و لاوان هاوڕێ لەگەڵ "علی دوای"، پارێزگاری میسان، "طارق نجم" لە سەرکردەکانی حیزبی دەعوە و "عادل عبدالمهدی"، لە سیاسەتوانانی نزیک لە ڕەوتی حکمە دەبن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment