بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاسوار عەبدولواحد، سەرکردەی ڕەوتی سیاسیی تازە دامەزراوی «نەوەی نوێ» ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی گۆڕانکارییێکی بنەڕەتیدایە و ئەمساڵیش گۆڕانکارییەکان دەست پێدەکەن.
ناوبراو ڕەخنەی توند لە سیاسەتوانان و بەرپرسانی هەرێم دەگرێت و دەڵێت ئەوان هۆکاری قەیرانەکانی ئێستاکەی خەڵکی هەرێمن و هەرچەند ئەزموونێکی دوور و درێژیان لە براکوژیدا هەیە بەڵام لە سیاسەتدا بێ ئەزموونن.
ناوبراو دەڵێت لە ڕۆژی 12ی مەی لیستی نەوەی نوێ سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دێنێت و سەرکردەکان لە خەو ڕادەچڵکێن و سەرکەوتنی ئێمە دەبینن.
شاسوار عەبدولواحد تەئکید دەکات سیاسەتی نەوەی نوێ گەڕاندنەوەی پێگەی لەدەست چووی کوردەکانە لە بەغدا، ئەوەش لە ڕێگای دیپلۆماسی و گفتوگۆ لەگەڵ ڕەوتە عێراقییەکان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق.
ناوبراو زیادی کرد تا ساڵی 2014 و لە ڕێگای بوودجەی عێراقەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان خوشگوزەرانییان دەکرد و پاش سیاسەتی نادروستی بەرپرسان ئێستا تووشی ڕەنجەڕۆیی بوونە و جەختیشی کردەوە لە داهاتوویێکی نزیکدا بەرپرسانی هەرێم ڕوانەی دادگا دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment