ڕێژەی سندووقی دەنگدان لە هەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێمی کوردستان ڕێژی بازنەکانی دەنگدان و سندووقەکانی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەنگدەرانی تایبەت لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە سەرەتادا بە گەرمی پێشوازییان لە پرۆسەکە کردووە، دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

لە سەرەتای پرۆسەکە قەڵەباڵغی زۆر لە بنکەکانی دەنگداندا دەبینرا و بە وتەی کارمەندانی کۆمسیۆنیش، بەهۆی هەندێ گرفتی تەکنیکییەوە بووە و دواتر کێشەکانی چارەسەرکراوە و لە ئێستادا پرۆسەکە بێ هیچ گرفتێک بەردەوامە.

لە سنووری ئیدارەى ڕاپەرین پێنج بنکەی تایبەت بە دەنگدەرانی تایبەت کراونەتەوە و ١٥ هەزار لە دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

تەنها لە خوێندنگەی پێنجی ئازاری قەزای ڕانیە، لە کۆی نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ کەس تا ئێستا زیاتر لە هەزار و شەشسەد کەس دەنگیان داوە و ئەمەش دەکات ڕێژەی زیاتر لە ٥٠%ی دەنگدەران.

هاوکات هەر ئەمڕۆ لە قەزای کۆیەش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە.

لە سنووری قەزای کۆیە چوار بنکە بۆ دەنگدەرانی تایبەت کراونەتەوە و دوو بنکە لە کۆیە و یەک بنکە لە ناحیەی تەقتەق و بنکەیێکی تریش لە ناحیەی دێگەڵە کراونەتەوە.

هەشت هەزار دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە و بەپێی زانیارییەکان ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەرانی تایبەت نزیکەی ٦٠% بووە.

ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دەنگدانی گشتیش لە زیاتر لە ٢٠ وڵاتی دەرەوە دەستی پێکرد.

زیاتر لە ٩٤٣ هەزار دەنگدەری تایبەت هەن کە ٢١٠ هەزاریان لە هەرێمن، هەروەها لە سەرتاسەرى عێراقدا ٤٩٤ بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت کراونەتەوە کە ٩٩ بنکەیان لە هەرێمن و بۆ هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە تەرخان کراون.

لە هەرێم هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و دژەتیرۆر بەشداری دەنگدانی تایبەت دەکەن.

٨٨ حزب و هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، شەش هەزار و ٩٠٤ کاندید کێبەرکێی بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکن.

سەرچاوە: ئین ئاڕ تی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 14022

Your Comment

You are replying to: .
captcha