کێ دەچێتە کۆشکی سەرۆک کۆماری عێراق؟ کورد یان عەرەبی سوننە؟

بەشی یادداشت/ عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕکابەریی کورد و سوننە بۆ وەرگرتنی دوو پۆستی سەرۆکی پەڕلەمان و سەرۆک کۆمار زیاترین ململانێی سیاسی و بەرچاوترین تایبەتمەندیی ئەم خولەی هەڵبژاردنی عێراقە لە بەر ئەوەی بەبڕوای کورد پاش مام جەلال پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق سوودی بۆ کورد نەماوە و عەرەبی سوننەش چاوی لەو پۆستەی و ڕەنگە پشتیوانیی چەند وڵاتێکیشی لە پشتەوە بێت.

کوردپرێس- عەرەبی شیعە زۆرینەی پێکهاتەی عێراق پێک دەهێنێت و لە بەر ئەوەش پێشبینی دەکرێت پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیسانەوە بگاتەوە بە عەرەبی شیعە بەڵام ململانێی کورد و سوننە لە سەر دوو پۆستی سەرۆک کۆماری و سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی عێراق ئێستا بۆتە گرێکوێرەی ئەم هەڵبژاردنە. ئەگەرچی بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی پێشتر پۆستی سەرۆک کۆماری ئیستیحقاقی کورد بوو و عەرەبی سوننەش پۆستی سەرۆکی پەڕلەمانی وەرگرتووە. بەڵام ئێستا دەنگۆی ئەوە دەبیسترێت کە ڕەنگە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا گۆڕانکاری بکرێت.

دەنگۆی زۆر هەن کە باس لەوە دەکەن ڕەنگە ئەم جارە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نەگات بە کورد بەڵکوو عەرەبی سوننە ئەو پۆستە وەربگرن. ژمارەیێک لە چاودێران بڕوایان وایە عەرەبی سوننە هەوڵ دەدەن شۆناسی عەرەبیی عێراق بپارێزن هەر بۆیەش پێداگرن لە سەر ئەوەی عەرەبێکی سوننە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق وەربگرێت و ڕەنگە بۆ ئەو مەبەستەشیان پشت ئەستوور بن بە پشتگیریی تورکیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی وەکوو سعوودیە.

لە لایێکی دیکەشەوە هەندێک لە چاودێرانی سیاسیی کورد بڕوایان وایە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق شوێندانەری و دەسەڵاتی نییە و کورد بۆ بەرگری کردنی لە مافەکانی خۆی پێویستی بە هێز و دەسەڵات هەیە لە بەغدا و ئەوەش بە دەستووری عێراق دەکرێت بۆیە سەرۆکایەتیی پەڕلەمان ئەو پۆستەیە کە دەتوانێت مافەکانیان بپارێزێت بۆیە پێدەچێت کورد پاش چەندین خولی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەم جارەیان ماڵئاوایی لەو پۆستە بکات.

زۆرینەی کوردی عێراق لە سەر ئەو بڕوایەن پاش جەلال تاڵەبانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەرژەوەندی و مافەی کوردی دەستەبەر نەکردووە چوونکە کورد ئەو کاریزمایەی تێدا نەبووە کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا پارێزەری مافەکانیان بێت. هەندێ چاودێر و لایەنی تر بڕوایان وایە لاوازیی سیاسەتی کوردی لە بەغدا وای کردووە کە سەرۆک کۆمار لە بازنەی دەسەڵاتدا شوێندانەریی نەمێنێت و کورد هیچی پێ نەبێت بۆیە فواد مەعسووم تەنانەت لەلایەن کوردیشەوە پشتگیری نەکراوە.

دوو سناریۆی ئەم خولەی هەڵبژاردن

سیناریۆی مومکین: پۆستی سەرۆک کۆماری عەرەبی سوننە دەیباتەوە، سەرۆکی پەڕلەمان کورد و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەدرێت بە عەرەبی شیعە. ڕەنگە بەڕای کورد ئایندەی سیاسیی عێراق ئێستەش پێویستی بە سازان و ڕێککەوتنی سیاسی بێت و سێ ڕەوتی سەرەکیی هەڵبژاردنی عێراق واتا شیعە، سوننە و کورد پۆستەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. لەو حاڵەتەدا دوو جێگری کورد و شیعە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دیاری دەکرێت و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دوو جێگری کورد و سوننەی دەبێت. لە سێ خولی ڕابردووی پەڕلەمانی عێراقدا سەرۆکایەتیی ئەو مەرجەعە یاسادانەرە دراوە بە عەرەبی سوننە و ئەو پۆستە شوێندانەری و پگەی بەرزی بووە لە ساحەی سیاسیی عێراقدا. پێدەچێت ئەگەر لە هەر دوو پۆستی جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و جێگری سەرۆک وەزیراندا عەرەبی سوننە بەشی بدرێت ئەوا بە ڕەزامەندی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەردەگرێت. بەتایبەت جێگری سەرۆکی پەڕلەمان دەوری تایبەت دەبینێت لە بڕیاردانی دەستەی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی یاسایی پێدەدرێت. لەو ئەگەرەدا پۆستی سەرۆک پەڕلەمانی عێراق دەدرێت بە کورد.

سیناریۆ نەریتییەکە: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەگات بە کورد و سەرۆکی پەڕلەمان عەرەبی سوننە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش عەرەبی شیعە دەیباتەوە. بەڵام لێرە پرسیارەکە ئەمەیە ئایا پۆستی سەرۆک کۆماری ئەگەر کورد بیباتەوە دیسان دەدرێتەوە بە یەکێتی یا ناوچەکە ڕکابەرییێکی نوێ بە خۆوە دەبینێت؟ لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوو حیزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی لە سەر بنەمای تەوافوق دوو پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بەش کردبوو و بەو پێیەش یەکێتی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی وەرگرتبوو و کەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین ساڵ وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتدا بوو. پاش کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی و دەست لە کار کێشانەوەی مەسعوود بارزانی دۆخەکە گۆڕا و ئێستە دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین ئایا پارتی ڕازی دەبێت جارێکی تر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بدرێت بە یەکێتی؟ نەخوازەڵا کە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵپەسێردراوە و دیاریش نییە کەی هەڵبژاردنی بۆ دەکرێت و بەگوێرەی یاسای پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان بارزانی بۆی نییە ببێتەوە بە بەربژێری ئەو پۆستە. هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیارە 30ی ئەیلوولی 2018 بەڕێوە بچێت. پرسیار ئەمەیە کە بە ئاوڕدانەوە لە سەرهەڵدانی حیزبە نوێکان و ئەو لێکترازان و ناتەباییەی نێوماڵی کورد ئەگەر حیزبێکی دیکە جگە لە پارتی پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی وەرگرت ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگە دەدات لە هەولێر و بەغدا کەسانی جگە لە پارتی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن؟

ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت ئەگەری ئەوە هەیە کە پارتی ببێتە ڕکابەری جیددیی یەکێتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و ئەو کات هەموو شتێک بەستراوە بە ئاستی توانای لۆبی کردنی ئەو دوو پارتە و وەرگرتنی پاڵپشتیی پێویست بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا وتبووی مەرج نییە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بدرێتەوە بە یەکێتی.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لە وەڵامی ئەو لێدوانەی بارزانیدا وتبووی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئیستحقاقی یەکێتییە.

بۆیە چیتر ئێستە تەوافوق و ڕێککەوتنەکەی نێوان مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی نەماوە و کەشی سیاسیی نێو پەڕلەمانی عێراقە کە دیاریی دەکات کام ڕەوت و لایەنی کورد نوێنەری خۆی بۆ سەرۆک کۆماری دەنێرێتە کۆشکی "السلام".

کەشی سیاسی و ڕەوتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن پێمان دەڵێن کورد لە بەغدا هەوڵی پێشخستنی بەرژەوەندیی حیزبی دەدات و پێدەچێت پۆستی سەرۆک کۆماری یان سەرۆک پەڕەلمانی عێراق ببێتە هۆی تەنگەژە و ململانێی زیاتری نێوان قەبارە سیاسییەکانی کوردستان.

*لە ماڵپەڕی تەسنیمی ئێرانی وەرگیراوە

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 13996

Your Comment

You are replying to: .
captcha