کوردپرێس- عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکوورى عێراقى حەشدى شەعبى، رایگەیاند"داعش نامەى بۆ کەسایەتى و گوندنیشینەکانى سنوورى حەویجە ناردووە و هەڕەشەیان لێکردوون، پێیانوتوون کە نابێت بەشداریى هەڵبژاردن بکەن."
ناوبراو وتیشى"هێزە عێراقییەکان رۆژى هەڵبژاردن لە سنوورى حەویجە بڵاوەیان پێدەکرێت، تا دانیشتوانى ناوچەکە بەئازادانە دەنگ بدەن."
حەویجە و ناوچەکانى دەوروبەرى گەرچى لەژێر کۆنترۆڵى هێزە عێراقییەکاندایە، بەڵام داعش لەو ناوچانە جم و جۆڵى هەیە و تواناى ئەنجامدانى چالاکیى هەیە، هەروەها لەناوچە کوردستانییەکانى دیالەش چەکدارانى ئەو رێکخراوە ئامادەکارى بۆ رۆژى هەڵبژاردن دەکەن.
بەرپرسێکى باڵاى ئەمنى لەناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەرچى چەکدارى داعش هەیە گەڕاونەتەوە بۆ جەلەولا و گوندەکانى دەوروبەرى."
ئەو بەرپرسە زیاتر وتیشى"هێزە عێراقیەکان یەک بەیەکى ئەو چەکدارانە دەناسن، وتویانە گوایە دواى هەڵبژاردن دەستگیریان دەکەن."
هێزە عێراقیەکان لەناوچەکانى کەرکوک و دیالە ئامادەکارى دەکەن بۆ گرتنە بەرى رێوشوێنى ئەمنى توند، تا لە رۆژى هەڵبژاردندا پرۆسەکە بێ روودانى گرژى بەرێوەبچێت.
Your Comment