داعش هۆشدارى داوەتە دانیشتوانى حەویجە تا بەشدارى هەڵبژاردن نەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- داعش هۆشدارى داوەتە دانیشتوانى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکووک و گوندەکانى دەوروبەرى تا بەشداریى پرۆسەى هەڵبژاردن نەکەن، هەروەها ژمارەیێک چەکدارى ئەو رێکخراوەش چوونەتە نێو قەزا و ناحیەکانى پارێزگاى دیالەوە.

کوردپرێس- عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکوورى عێراقى حەشدى شەعبى، رایگەیاند"داعش نامەى بۆ کەسایەتى و گوندنیشینەکانى سنوورى حەویجە ناردووە و هەڕەشەیان لێکردوون، پێیانوتوون کە نابێت بەشداریى هەڵبژاردن بکەن."

ناوبراو وتیشى"هێزە عێراقییەکان رۆژى هەڵبژاردن لە سنوورى حەویجە بڵاوەیان پێدەکرێت، تا دانیشتوانى ناوچەکە بەئازادانە دەنگ بدەن."

حەویجە و ناوچەکانى دەوروبەرى گەرچى لەژێر کۆنترۆڵى هێزە عێراقییەکاندایە، بەڵام داعش لەو ناوچانە جم و جۆڵى هەیە و تواناى ئەنجامدانى چالاکیى هەیە، هەروەها لەناوچە کوردستانییەکانى دیالەش چەکدارانى ئەو رێکخراوە ئامادەکارى بۆ رۆژى هەڵبژاردن دەکەن.

بەرپرسێکى باڵاى ئەمنى لەناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەرچى چەکدارى داعش هەیە گەڕاونەتەوە بۆ جەلەولا و گوندەکانى دەوروبەرى."

ئەو بەرپرسە زیاتر وتیشى"هێزە عێراقیەکان یەک بەیەکى ئەو چەکدارانە دەناسن، وتویانە گوایە دواى هەڵبژاردن دەستگیریان دەکەن."

هێزە عێراقیەکان لەناوچەکانى کەرکوک و دیالە ئامادەکارى دەکەن بۆ گرتنە بەرى رێوشوێنى ئەمنى توند، تا لە رۆژى هەڵبژاردندا پرۆسەکە بێ روودانى گرژى بەرێوەبچێت.

News Code 13988

Your Comment

You are replying to: .
captcha