چارلی چاپلن پادشای کۆمیدیای بێدەنگی و لاسایی کردنەوە

بەشی فەرهەنگ و هونەر- کاتێک باوکە سەرخۆش و ناوبانگ خراپەکەی لەدوای لەدایکبوونی بە ماوەیێکی کەم، خۆی و دایکی و برایێکی جێهێشت، چارلی چاپلن، بە هەژاری و لە ژیانێکی چەرمەسەرییدا خۆی لە شەقامەکانی لەندەن بینیوە.

کوردپرێس- دایکی چارلی چاپلن نووسەری دەقی شانۆیی بووە و لە شانۆگەرییەکانیشدا گۆرانی دەوت و بە ناوی (لیلی هاری) ناسراو بوو.

قەدەری دایکی ئەوەبوو بەخێوکردنی مناڵەکانی بکەوێتە ئەستۆ، بەڵام بەر لەوەی چارلی چاپلنی کوڕە پێنج ساڵییەکەی بخاتە جیهانی هونەرەوە، لەناوەڕاستی نمایشێکی شانۆگەریدا دەنگی لەدەستدا.

بەو پێیەش کە پێشتر بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارە هونەرییەکە گوێبیستی دەنگی چارلی چاپلن ببوو، داوای لێکرد لە بری دایکی لە شانۆگەرییەکەدا گۆرانی بڵێت، کە توانی وەک خۆی و بەشێوازێکی کۆمیدی لاسایی بکاتەوە.

دایکی هەرگیز دەنگی بۆ نەگەڕایەوە و بەتێپەڕبوونی کات مایەپوچ بوو، هەر بۆیە چارلی چاپلن و براکەی ناچاربوون بەدوای خانوویێکی سادەتردا بگەڕێن تا بۆ ماوەیێکی کاتی لە ژینگەی سەختی لەندەندا بژین.

ساڵی١٨٩٧ لەڕێگەی کەسایەتیە نزیکەکان لە دایکیەوە چووە ناو تیپێکی میوزیک کە بەناوبانگ نەبووە تا پارەی دەستبکەوێت، لەپاڵ ئەو کارەیەدا چەندین کاری تریشی دەکرد.

بەڵام یەکەم ئەزموونی لەبواری نواندندا کاتێک بوو کەلە شانۆگەریی شارلۆک هۆڵمز ڕۆڵێکی بچووکی پێدرا، کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ڕۆڵی زیاتر و جۆراوجۆری دەبینی.

ساڵی ١٩٠٨ چارلی چاپلن لەگەڵ تیپی شانۆیی (فرێد کارنۆ) دەستی کرد بە نواندنی بێدەنگ و تیایدا بووە ئەستێرەیێکی تیپەکە و ڕۆڵی کۆمیدیی تیایدا دەبینی.

سەرکەوتنی لە ڕۆڵەکەیدا سەرنجی دەرهێنەری ئەمریکی (ماک سینیت) ی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و لەگەڵیدا گرێبەسێکی بەبەهای ١٥٠ دۆلار لە هەفتەیێکدا واژۆ کرد.

یەکەم فیلم کە چارلی چاپلن تیایدا دەرکەوت کورتە فیلمێک بوو لەساڵی ١٩١٤ دا بەناوی "Make a Living" ، کە ماوەکەی ١٢ خولەک بوو، دواتریش ڕۆڵی لەژمارەیێک فیلمی ماوە کورت و درێژی تردا گێڕا.

بەڵام ساڵی ١٩١٥دا لەگەڵ کۆمپانیای (ئیسانای) گرێبەستێکی بە بەهای هەزار و ٢٥٠ دۆلار لە هەفتەیێکدا واژۆ کرد و براکەشی کردە بەڕێوەبەری کارەکانی.

دواتریش لەگەڵ ژمارەیێک کۆمپانیای تری هونەریی بە پارەى زیاتر گرێبەستی واژۆ کرد تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا ببێتە بەناوبانگترین ئەستێرەی سینەمایی لە جیهاندا.

لەماوەی ژیانیدا چارلی چاپلن چوار جار هاوسەرگیریی کردووە و جگە لەکاری نواندن، دەرهێنەر و ئاوازدانەریش بووە و ئامانجیشی لە بەرهەمهێنانی فیلمی بێدەنگ ئەوە بووە کە دەیویست هەموو کەسێک لە جیهاندا لێی تێبگەن، کە ڕۆڵە کۆمیدییەکانی بە پۆشاک و پێڵاوە کۆن و دڕاوەکانی و شەپقەکەی سەری و گۆچانەکەیەوە بزەی خستە سەر لێوی هەمووان و بووە پادشای کۆمیدیای فیلمی بێدەنگ.

لە ساڵی ۱۹٤۰ و لە گەرمەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا یەکەم فلیمی دەنگی بە ناوی ( دیکتاتۆری گەورە) بەرهەمهێنا کە ڕۆڵی هێتلەری تیایدا گێڕا.

چاپلن دواتر سویسرای هەڵبژارد بۆ ژیان و لە ۱ / ۱ /۱۹۷۷ لەو وڵاتە کۆچی دوایی کرد و دوای ناشتنیشی ژمارەیێک کەس تەرمەکەیان لە گۆڕەکەی دەرهێنا و دزیان و داوای بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلاریان لە خێزانەکەی کرد، بەڵام پۆلیس دزەکانی گرت و تەرمەکەیان لە دەریاچەی جنێڤ دۆزییەوە و لە شوێنی خۆی ناشتیانەوە .

لە وتەکانی چاپلن، هیچ شتێک لەم ژیانەدا بەردەوامی نیە، تەنانەت کێشەکانیشمان، دەشڵێت ڕۆژێک پێکەنینی تیایدا نەبێت، ڕۆژێکی فەوتاوە.

News ID 13987

Your Comment

You are replying to: .
captcha