دڵنیامان کەنەوە کە پارێزگاری لە بەرژەوەندیی ئێران دەکەن؛ دەرفەتیشتان کەمە

بەشی ئێران/ کوردی- پاش بڕیارەکەی ترەمپ و کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک، سەرۆک کۆماری ئێران بە تەلەفون پێوەندیی بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کرد و وتی: لە ماوەیێکی کورت و دیاریکراودا دەبێت دڵنیامان بکەنەوە کە ماف و بەرژەوەندیی ئێران لە ڕێککەوتنەکەدا پارێزگاریی لێدەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕێگای تەلەفونەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا کردووە و تەوەری گفتوگۆکەش لە سەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک بوو کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا بە کشانەوە لەو ڕێککەوتنە و ئەوەش کاردانەوەی بەرفراوانی جیهانیی لێکەوتەوە.

حەسەن ڕۆحانی لە گفتوگۆ تەلەفونییەکەیدا وتوویەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەر وا ئاسان نەگەشتە ئەنجام و لە 2003وە تا 2015 1پێشەمان تێیدا شکاوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش پشتڕاستی کردۆتەوە هەر بۆیەش ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و ئێرانیش تا ئەم کاتە بە هەموو ماناوە پێبەندی ڕێککەوتنەکە بووە و بەردەوامیش دەبێت لە ئیلتیزام کردن بەو ڕێککەوتنە بەڵام بێ گومان واز لە سوود و بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆیشی ناهێنێت.

سەرۆک کۆماری ئێران بڕیارەکەی ترەمپی بە ڕەفتارێکی سووک و نابەجێ هەڵسەنگاند و وتیشی بەداخەوە ئەمریکا هەرگیز پێبەند نەبوو بەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە و پێچەوانەی ئیدعاکانی ترەمپ، ئێمە هەرگیز بە مەبەستی دروست کردنی چەکی ناوکی دەستمان نەداوەتە پیتاندنی یورانیۆم بەڵکوو ئەو پڕۆسەیە بۆ بەرز کردنەوەی ورەی گەلی ئێران و بەمەبەستی دابین کردنی پێداویستییەکانی گەلی ئێران ئەنجام دراوە.

ڕۆحانی جەختی کردەوە کە دەبێت لە ماوەیێکی کورت واتا لە چەند حەفتەدا وەزیرانی دەرەوە و تیمە پسپۆڕەکانی ئێران و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی ڕێککەوتنەکە بکەنەوە و بڕیارێکی ئاشکرا و شەفاف دەربکەن و ئەو بڕیارەش گەرەنتی بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و سوودی ئێران لە سەر فرۆشتنی نەوت و پێوەندیی بانکەکان و سەرمایەدانەریی کۆمپانیاکان.

ناوبراو دووپاتی کردەوە کە دەبێت هەموو وڵاتانی ئەورووپا کە لە ئێران کۆمپانیایان هەیە و سەرمایەدانەرییانکردووە بڕیاری کۆمپانیاکانی خۆیان لە سەر ڕێککەوتنەکە بە شەفافی دەرببڕن و ئەگەر لەو ماوە کورتەدا گەیشتینە هەڵوێست و بڕیارێکی شەفاف ئەوا دەتوانین تەعامول و پێوەندیی نێوان ئێران و ئەورووپا فراوانتر بکەین.

ڕۆحانی زیادی کرد: ئەمڕۆکە ئەرکێکی مێژوویمان لەسەر شانە و مێژوو پێمان دەسەلمێنێت کە ترەمپ هەڵەیێکی مێژوویی کرد و بەداخەوە ئەورووپاش دەرفەتێکی چوار مانگەی بەدەستەوە بوو کە دەیتوانی ڕێگری بکات لە شکست هێنانی بەرجام بەڵام نەیکرد و ئەو دەرفەتەی فەوتاند ئێستاش دەرفەتێکی کورت بەدەستەوە ماوە بۆ ئەورووپا و لە ماویێکی کورتدا دەبێت بە ئێرانی بسەلمێنن کە بە شەفافی بەرژەوەندییەکان تاران پارێزراو دەبێت.

لای خۆیشیەوە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا داخ و ئەسەفی خۆی لەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی و وتیشی ئێمە کۆدەنگ بووین و وەکوو ناڕەزایی کاردانەوەی توندمان بەرانبەر بەو بڕیارە پیشان دا چوونکە ئەو بڕیارەی ترەمپ تەنانەت بۆتە هۆی لێکترازان و ناتەبایی لە نێوخۆی ئەمریکاش.

ماکرۆن دیسانەوە پێداگریی کرد لە سەر زەروورەتی پاراستنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و جەختی کردەوە کە ئەورووپا کۆدەنگن و لە پێناو پارێزگاری کردن لەو ڕێککەوتنە داکۆکی دەکەن.

شیاوی ئاماژەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی 9ی ئایاری 2018 بڕیاری دا بە کشانەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک و ڕایگەیاند هەموو سزاکانی دژ بە ئێران دەست پێدەکاتەوە و سزای نوێیش لە بەرچاو دەگرێت. بڕیارەکەی ترەمپ کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و لە نێوخۆی ئێران کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە لە سەر بڕیارەکەی ترەمپ هاتنە دەنگ و گرینگترین کاردانەوەکان هەڵوێستی ئایتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی پەڕلەمان و بەرپرس و خاوەن پلە ئەمنی و سەربازی و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بوون. لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانییشدا دەنگدانەوەی فراوانی هەبوو و جگە لە ڕژیمی زایۆنی و سعوودیە و ئیمارات دیکەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان ئیدانەی ئەو بڕیارەی ترەمپیان کرد.

هەموو کاردانەوەکان لێرەوە بخوێنەوە:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=6074

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 13986

Your Comment

You are replying to: .
captcha