ته‌نها که‌سایه‌تییێک وه‌ک ده‌میرتاش ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌هاکه‌ی ئه‌ردۆغان ببێته‌وه‌

به‌شی یادداشت/ جیهان- چاودێرێکی سیاسی بڕوای وایه‌ ته‌نها که‌سایه‌تییێک وه‌کوو سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌توانێت کێشه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌هاکه‌ی ئه‌ردۆغان دروست بکات.

کوردپرێس- هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار و په‌رله‌مانی تورکیا که‌ بڕیار بوو ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچێت له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌ریی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا و هاوده‌نگیی MHP بڕیاره‌ 24ی حوزه‌یرانی 2018 به‌ڕێوه‌ بچێت. حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگری بکه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان بۆیه‌ هاوپه‌یمانێتییێکی چوار قۆڵییان پێکهێناوه‌ ئه‌وه‌ش به‌ بێ به‌شداریی حیزبی کوردیی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ساڵی 2015ی تورکیا زیاتر له‌ 13 له‌سه‌دی ده‌نگی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کردبوو. ئه‌و حیزبانه‌ هه‌روه‌هاش هه‌ریه‌که‌ و به‌ربژێری خۆیان ناساندوووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار.

پارتی دیموکراتیکی گه‌لان که‌ ئێستا ژماره‌یێک له‌ نوێنه‌ر و هاوسه‌رۆکه‌کانی له‌لایه‌ن داواکار و دادگه‌کانی تورکیاوه‌ داوا کراون یان خود له‌ زینداندان سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشی کردوووه‌ته‌ به‌ربژێر بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار. ده‌میرتاش تا ئێستا له‌ چه‌ندین دانیشتنی دادگه‌که‌یدا دۆسیه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراوه‌ته‌ پاڵی تاوتوێ کراوه‌. ناوبراو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوووه‌که‌دا که‌ ساڵی 2014 به‌ڕێوه‌ چوو و ڕکابه‌ری ئه‌ردۆغان بوو 9.8 له‌سه‌دی ده‌نگه‌کانی مسۆگه‌ر کرد.

چه‌نگیز چاندار چاودێریی سیاسیی کاروباری تورکیا و توێژه‌ری په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی کوردیی سه‌ر به‌ زانکۆی ستکهۆلم له‌ یادداشتێکی ماڵپه‌ڕی ئه‌لمانیتۆردا نووسیویه‌تی: ئه‌گه‌ر بێتوو پارتی دیموکراتیکی گه‌لان نیسابی یاساییی سه‌دا 10ی ده‌نگه‌کان بۆ سه‌رکه‌وتن به‌ره‌و په‌رله‌مانی تورکیا به‌ده‌ست نه‌هێنێت ده‌نگی ئه‌و حیزبه‌ له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارتی داد و گه‌شه‌ که‌ ئه‌ردۆغان سه‌رکردایه‌تیی ده‌کات و پاش HDP له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کاندا زیاترین خۆشه‌ویستیی لای خه‌ڵکی دانیشتووی ناوچه‌که‌ هه‌یه‌.

خه‌لیل کاراولی توێژه‌ری ئه‌نیستیتۆی ئاسیا- قه‌فقازیش بڕوای وایه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا به‌ مه‌به‌ستی ڕێگری کردن له‌ هه‌ره‌سهێنانی ده‌نگی کورد له‌ حیزبه‌که‌ی و تۆمار کردنی ئه‌و ده‌نگانه‌ به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی تورکیا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ڕاگه‌یاندوووه‌ به‌ڵام به‌ وته‌ی چه‌نگیز چاندار کورد ده‌توانێت ئه‌و کارته‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ پووچه‌ڵ بکاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر کورده‌ ئایینخوازه‌کان و کۆنسێرڤاتیڤه‌کان ده‌نگ به‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌ده‌ن ئه‌وا ئه‌ردۆغان له‌ خولی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردندا سه‌ر ناکه‌وێت بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار.

ناوبراو ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر HDP ئیراده‌ی خۆی بۆ سه‌رکه‌وتن به‌ره‌و په‌رله‌مان کۆ کردبێته‌وه‌ ئه‌وا هاوینی ئه‌مساڵ ڕووداوێکی نوێ ده‌بینین.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا نووسیویه‌تی: ئه‌گه‌رچی چوار به‌ربژێری دیاری‌کراوی چوار حیزبی هاوپه‌یمانی دژ به‌ ئه‌ردۆغان ڕێگر ده‌بن له‌ سه‌رکه‌وتنی ئه‌ردۆغان له‌ خولی یه‌که‌مدا به‌ڵام ته‌نها سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشه‌ که‌ تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌وه‌ی پێیه‌ که‌ ببێته‌ کێشه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌هاکه‌ی ئه‌ردۆغان.

چه‌نگیز چاندار له‌ کۆتاییدا نووسیویه‌تی: ته‌نها ده‌میرتاشه‌ که‌ ده‌توانێت ڕێگر بێت له‌ گه‌یشتنی ئه‌ردۆغان به‌ ئامانجه‌کانی و ئێستاش له‌ به‌ندیخانه‌وه‌ کار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌کات. کاتێک که‌سێک له‌ زیندانه‌وه‌ بتوانێت ئه‌و ئه‌رکه‌ قورسه‌ جێبه‌جێ بکات دیاره‌ که‌سایه‌تییێکی نه‌به‌زه‌ و شکست ناهێنێت.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13974

Your Comment

You are replying to: .
captcha