کوردپرێس- کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک بڕیارێکی زەحمەت و قورس بوو. کاردانەوەکان بەرانبەر بەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا زۆر جیاواز نین. تەنها دوو ڕژیمی زایۆنی و سعوودیە پێشوازییان لە بڕیارەکەی ترەمپ کرد لێرەدا بە کورتی کاردانەوەی کەسایەتی و وڵاتە گرینگەکان بەرانبەر بەو بڕیارەی ترەمپ دەخەینە ڕوو.
کاردانەوە بیانییەکان
یەکێتیی ئەورووپا: سوورین لە سەر پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتنەکە
لەلایێکی ترەوە رێکخراوی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، تا ئێستاش سوورن لەسەر پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتنەکە و کاریش دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی.
فیدریکا مۆگرینی ڕێکخەری کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا سوورە لەسەر پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتنەکە، کە دوای ١٢ ساڵ لە تێکۆشانی دیپلۆماتی بەرهەمهاتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێککەوتنەکە موڵکی هەموانە و لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی پارێزگاریی لێ دەکەن.
مۆگیرینی جەختیشی کردەوە یەکێتیی ئەورووپا ڕێگە نادات بە کەس رێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە.
مۆگیرینی دواشی لە هەریەکە لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، هەنگاو نەنێن بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە وڵاتانی تر بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا.
ڕووسیا: ڕێککەوتنەکە بە تەنها موڵکی ئەمریکا نییە
حکوومەتی ڕووسیا بە "توندی" ئیدانەی بڕیارەکەی ترەمپی کرد بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێراندا.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیێکدا نیگەرانیی "قووڵی" خۆی دەربڕی، لە بڕیارەکەی ترەمپ کە تاک لایەنە کشانەوەی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و کارکردنەوە بە گەمارۆکان لەسەر ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێککەوتنەکە بە تەنها موڵکی ئەمریکا نییە، بەڵکو دەستکەوتێکی کۆمەڵی نێودەوڵەتییە و دوودڵیی مۆسکۆشی نیشان دا سەبارەت بە جیاوازیی ئەمریکا لەگەڵ ڕای زۆرینەی وڵاتان.
تورکیا: کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە دەبێتە مایەی نائارامی
لە لایێکی ترەوە ئیبراهیم کالین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەربارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر کشانەوەی واشنتۆن لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێراندا ڕایگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە دەبێتە مایەی نائارامی و بەرپابوونی ناکۆکی و ململانێی نوێ.
باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەربارەی بڕیارەکەی ترەمپ بە کشانەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێراندا ڕایگەیاند، کشانەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەڵەیێکی گەورەیە.
فەڕەنسا: ئەسەفی خۆمان بۆ ئەو بڕیارەی ترەمپ ڕادەگەیێنین
ئیمانوێل واکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا داخ و ئەسەفی خۆی بەرانبەر بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لە سەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەربڕی و وتی: سستەمی قەدەغەی ناوکی کەوتۆتە مەترسییەوە.
ئەڵمانیا: کشانەوەی ئەمریکا کۆتایی بە ڕێککەوتنەکە ناهێنێت
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتوویەتی کشانەوەی ئەمریکا مانای ئەوە نییە کە چیتر کۆتایی بە ڕێککەوتنەکە هاتووە. ئێمە بڕوامان وایە ئەو ڕێککەوتنە مایەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران مایەیئاشتی و ئاسایشە بۆ هەموو جیهان.
بەریتانیا: "بە قووڵی" پێبەندین بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە
بۆریس جانسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتوویەتی لەندەن بە قووڵی پێبەندە بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و چاوەڕێ دەکەین بزانین وردەکاریی ئەو پڕۆژەیەی ئەمریکا چی دەبێت.
ناوبراو ئەسەفی خۆی دەربڕی بەرانبەر بەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا و دووپاتی کردەوە بەریتانیا پێبەندە بە ڕێککەوتنەکە.
ئیتاڵیا: داوا دەکەین ڕێککەوتنەکە بپارێزن
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا پاش بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی داوای کرد ئەو ڕێککەوتنە بپارێزن.
نەتەوە یەکگرتووەکان: دیکەی ئەندامانی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە پارێزگاری لەو ڕێککەوتنە بکەن
ئانتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پاش کشانەوەی ئەمریکا داوای لە دیکەی ئەندامانی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە کرد پێبەند بن بە ڕێککەوتنەکە.
باراک ئۆباما: بڕیارەکەی ترەمپ دەبێتە مایەی داڕووخانی متمانەی ئەمریکا لە جیهان
باراک ئۆباما لە توێتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە دەبێتە مایەی داڕووخانی متمانەی ئەمریکا لە جیهاندا.
ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی ئەوروپا کە ڕێککەوتنی ٥ کۆ یەک ناسراوە، لەسەردەمی باراک ئۆبامادا ئیمزا کراوە.
جۆن کیری: بڕیارەکەی ئەمڕۆکەی ترەمپ دەبێتە مایەی نائەمنیی ئەمریکا
جۆن کیری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیێکدا وتوویەتی ئەو بڕیارەی ترەمپ بۆ کشانەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەمریکا دوور دەخاتەوە لە کۆمەڵگای جیهانی و دەبێتە مایەی نائارامیی ئەو وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پلانی مووشەکی بالستیی ئێران لەناو دەبەین
مایک پۆمپیۆ پاش بڕیارەکەی ترەمپ ڕایگەیاند: لەگەڵ شەریک و هاوپەیمانەکانمان تەرکیز دەکەینە سەر سڕینەوەی بەرنامەی مووشەکی بالستیی ئێران.
وەزیری داراییی ئەمریکا: ترەمپ داوای ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دەکات
وەزیری دارایی ئەمریکا وتوویەتی ئامانجی ترەمپ لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران ئەوەیە بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتە.
سعوودیە: پێشوازی لە بڕیارەکەی ترەمپ دەکەین
حکوومەتی سعوودیە پێشوازیی لە هەنگاوەکەی ئەمریکا کرد بە کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
لە هەواڵێکی بە پەلەدا میدیاکانی سعوودیە بڵاویان کردەوە، جگە لە پێشوازی کردن پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ ڕاگەیاند.
ڕژیمی زایۆنی: ترەمپ بڕیارێکی مێژووییی دەرکرد
لە لایەکی ترەوە بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ستایشی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی کرد بە دەرچوونی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و بە کارێکی مێژوویی ناویبرد.
دوابەدوای وتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وەک لە وتەکانی دۆناڵد ترەمپدا دەردەکەوێت، ئێران لەکاتی ڕێککەوتنەکەدا گرنگییێکی زیاتری داوە بە دروست کردنی چەکی بالیستییەکان دژ بە جیهان.
ئیمارات و بەحرەین: پشتگیریی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییە دەکەین
دوو وڵاتی عەرەبیی کەنداوی فارس وەکوو پشتگیری کردن لە سعوودیە پێشوازییان کرد لە بڕیاکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
کاردانەوە ناوخۆییەکان:
حەسەن ڕۆحانی: ئێستا ڕێککەوتنی 5 کۆ یەک، یەکی لە دەست دا
دوا بە دوای هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، داوا لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات نیگەرانی ئایندەی ئێران نەبن و هیچ جەنگێک ڕوو نادات و لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە تەنها ئەمریکا کشاوەتەوە و ئێران هێشتا لە ڕێککەوتنەکەدایە.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا هەمیشە لەگەڵ خەڵکی ئێراندا بێبەڵێن بووە و هیچ کات نیازی ڕێککەوتنی نەبووە و هەمیشە ویستوویەتی پەلاماری ئێران بدات بەڵام بیانووی نەبووە.
ئەوەشی ڕاگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی ڕاسپاردووە لە هەفتەی داهاتووەوە لەگەڵ وڵاتانی چین و ڕووسیا کۆ ببێتەوە، دواهەمین بڕیاری ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنن و ئێران لە کۆتاییدا بڕیارێک دەدات لە سوودی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بێت.
محەمەد جەواد زەریف: کاردانەوەمان بەستراوە بە هەڵوێستی دیکەی وڵاتانی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانپاش بڕیارەکەی ترەمپ لە پەیامێکی تویتەردا نووسیی: وەکوو کاردانهوه به پێشێلکارییهکانی ئهمریکا له ڕێککەوتنی ئەتۆمی و کشانهوهی نایاساییی ئهو وڵاته لهو ڕێککهوتنه سهرۆک کۆماری ئێران ئهرکێکی خستۆته سهر شانی من و ئهوهش ئهوهی که ههوڵێکی دیپلۆماسییانە ئهنجام دهدهم بۆ ههڵسهنگاندنی ئهوهی که ئایا دیکهی وڵاتانی ئهندامی بهرجام دهتوانن بهرژهوهندییهکانی ئێران له بهرجام به تهواوهتی دابین بکهن یان نا. دهرئهنجامی ئهو بابهته کاردانهوهی ئێمه ئاشکرا دهکات.
عەلی شەمخانى: کشانەوەش وامان لێناکات سازش بکەین
سکرتێری ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە و فشارەکانى وڵاتانی ئەورووپا وایان لێناکات هیچ سازشێک بکەن.
عەلی شەمخانى سکرتێری ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پاش بڕیارەکەی ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئەورووپا مەبەستیانە فشار بخەنە سەر ئێران بۆ ئەوەى سازش لەسەر مافەکانى خۆی لە ڕێککەوتنەکە بکات، بەڵام ئێران هەرگیز ئەوە ناکات و دژ بەو ستراتیژە دەوەستێتەوە.
عەلی شەمخانى ڕاشیگەیاندووە، کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە هیچ سوودێک بە ئەمریکا ناگەیەنێت، و دەشڵێت، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەرمان هەروا بێ وەڵام دانانیشن.
عەلی لاریجانی: ترەمپ چەتەی سەر ملەیە
عەلی لاریجانی سەرۆکی پەڕلەمانی ئێران لە کاردانەوەیێکدا وتوویەتی ئەمریکا بەو بڕیارەی ترەمپ بێ متمانەیی خۆی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەیاندە ئاستی پۆپە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەڵێی چەتەی سەر ملەیە.
سەرۆکی پەڕلەمانی ئێران گوتیشی: "ئەمریکا بە شانازییەوە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕادەگەیێنێت و بۆتە دارەدەستی ڕژیمی زایۆنی و هەموو توانای خۆی خستۆتە گەڕ کە گوریسەکەی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بکاتەوە بە خوری؛ بۆیە بڕیارەکەی ترەمپ بڕیارێکی گەمژانەیە.
ڕاوێژکارێکی ڕۆحانی: وەڵامی قورسمان دەبێت بۆ بڕیارەکەی ترەمپ
حیسامهددین ئاشنا ڕاوێژکاری سهرۆک کۆماری ئێران له پهیجی تایبهتی خۆی له توویتهردا ئاماژه به کشانهوهی ئهمریکا له بهرجام دهکات و ڕایدهگهیێنێت: ئێمە لە وەڵام دانەوەماندا پەلە ناکەین بەڵام وهڵامێکی قورسمان دهبێت.
فەریق باقری: ئەمریکا بڕوای بە ئیمزاکەی خۆیشی نییە
فەریق محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی هێزی چەکداری ئێران لە کاردانەوەیێکدا وتوویەتی ئەمریکا تەنانەت بڕوای بە واژۆکەی خۆیشی نییە بۆیە دەبێت ئێمە دەستمان بە ئەژنۆی خۆمانەوە بێت و متمانە بە کەسانی تر نەکەین.
لە ساڵی ٢٠١٥ هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و چین و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن، کە بە ڕێککەوتنی ٥ کۆ یەک ناسراوە، لەسەر ئەوەی ئێران دەستبەرداری چالاکییە ئەتۆمییەکانی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بێت و لە بەرامبەریشدا گەمارۆ سەپێنراوەکانی سەر ئەو وڵاتە کە چەند ساڵ بوو درێژەی هەبوو سووک بکرێت.
فەریق مووسەوی: ئەمریکا سەلماندی لە متمانە و ئەخلاقدا فڕی پێوە نییە
فەریق عەبدولڕەحیم مووسەوی فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران لە بارەی بڕیارەکەی ترەمپەوە وتی: هەر لە سەرەتاشەوە یەکەم زەرەی ڕێککەوتنەکە ئەوە بوو ئەو مەشرووعیەتەمان دا بە ئەمریکا کە حەدی ئەوەی هەیە لە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵی دانیشین. بەڵام ئەو قازانجەشی بوو کە چیتر هەموو جیهان بۆیان ئاشکرا بوو کە ئەمریکا لە متمانە و ئەخلاقدا فڕی پێوە نییە.
کۆ کردنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
Your Comment