کوردپرێس- ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بۆریس جۆنسۆن داوای لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کردووە بڕیار لەسەر کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنە ناوەکییەی ئێران نەدات و وتی ڕێکەوتنەکە خاڵی لاوازی تێدایە بەڵام دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات چارەسەر بکرێت و پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە بە قازانجی هەموو لایەنێکە.
هەروەها وتیشی، تاران یەکەمین لایەن دەبێت کە سوود لە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکە دەبینێت و کشانەوە لەو ڕێککەوتنەش کارێکی هەڵەیە و هەموان زەرەری لێدەبینن.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانیش لە زاری بۆریس جانسنەوە نووسیویەتی: ئێمە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا نامانهەوێت کێشەی زیاتر دروست بکەین بۆیە داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکەم لەو ڕێککەوتنە نەکشێتەوە.
ناوبراو تیشکی خستۆتە سەر "ئاوابوونی بەرجام لە ساڵی 2025" و وتوویەتی ئەوە لاوازترین خاڵی ڕێککەوتنەکەیە و دەکرێت بە گفتوگۆ کردن چارەسەر بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ کاتژمێر 2ی نیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا واتا 10 و سی خولەکی شەو بە کاتی ئێران هەڵوێستی خۆی لە بارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان وڵاتانی زلهێز و ئێران ڕابگەیەنێت.
پێشتر ترەمپ ١٢ی ئەم مانگەی دیاری کردبوو بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە.
Your Comment