په‌رله‌مانتارێکی کورد به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌ کوشتنی ئه‌سپه‌کان له‌سه‌ر سنوور ده‌گرێت

به‌شی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا- نوێنه‌ری خه‌ڵکی شنۆ و نه‌غه‌ده‌ له‌ په‌رله‌مانی ئێران به‌رانبه‌ر به‌ کوژرانی ئه‌سپه‌کان له‌لایه‌ن هێزی ئینتیزامییه‌وه‌ هاته‌ ده‌نگ و به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی له‌و دیاره‌ده‌یه‌ گرت و ڕای‌گه‌یاند: کوشتنی ئه‌سپه‌کان مه‌عقووڵ نییه‌.

کوردپرێس- به‌پێی ڕاگه‌یێندراوی میدیا ئێرانییه‌کان له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا 90 سه‌ر ئه‌سپ له‌ ناوچه‌ مه‌رزییه‌کان شنۆ و نه‌غه‌ده‌ که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ده‌ستدرێژی گوله‌ هه‌ر بۆیه‌ش نوێنه‌ری خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئازه‌ربایجان دانیشتوووه‌ و ئه‌نجامی دانیشتنه‌که‌ش ئه‌وه‌ بوووه‌ که‌ گوایه‌ چه‌ند که‌سێکی دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ ئه‌سپ و قاتر له‌ مه‌رزه‌کاندا به‌ قاچاخ کاڵا جێبه‌جێ ده‌که‌ن.

عه‌بدولکه‌ریم حسێن‌زاده‌ ڕه‌خنه‌ له‌و کاره‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌ره‌نگاری قاچاخیش ببینه‌وه‌ نابێت ئیزن به‌ خۆمان بده‌ین ئه‌سپ بکوژین چوونکه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ چ له‌ باری ده‌روونییه‌وه‌، چ له‌ باری ئه‌خلاقییه‌وه‌ و چ له‌ باری ئه‌منییه‌وه‌ قبووڵ‌کراو نییه‌.

ناوبراو تیشکی خستۆته‌ سه‌ر لێکه‌وته‌ی کوژرانی ئه‌و ئه‌سپانه‌ و پیس بوونی ژینگه‌ و گوتوویه‌تی: له‌ ئه‌نجامدا لاکی ئه‌سپه‌کان له‌لایه‌ن شاره‌وانیی "نالوس"وه‌ کراونه‌ته‌ ژێر خۆڵ.

حسێن‌زاده‌ هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی شه‌رقی وتوووه‌: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌سپانه‌ هی قاچاخ‌‌فرۆشه‌کانیش بن کوشتنیان هه‌ڵه‌یه‌ و به‌ کوشتنی ئه‌سپه‌کان ده‌ستمان داوه‌ته‌ په‌ره‌پێدانی توندئاژۆیی بۆیه‌ مه‌عنه‌ویات و هه‌ستی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌رانبه‌ر به‌و هه‌واڵه‌ تووشی ئازار بوووه‌ و ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌ بیر نه‌که‌ین ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دوای کۆڵبه‌ری که‌وتوون دیاره‌ ڕه‌خنه‌ و خه‌مساردییه‌که‌ بۆ ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ نه‌مانتوانیوه‌ به‌ شێوازێکی شایسته‌ دادپه‌روه‌ری جێبه‌جێ بکه‌ین و ئه‌وه‌ گومانی تێیدا نییه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ به‌ ئه‌سپ کوشتن نییه‌.

نوێنه‌ری خه‌ڵکی شنۆ و نه‌غه‌ده‌ گوتیشی: ئه‌و هه‌واڵه‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ی یه‌کجار تووڕه‌ کردوووه‌ و هاووڵاتییان داوای ڕاگرتنی ئه‌و ڕه‌وته‌ هه‌ڵه‌یه‌ ده‌که‌ن.

حسێن‌زاده‌ هه‌روه‌هاش گوتوویه‌تی: ناسینی قاچاخ‌فرۆشه‌کان کارێکی دژوار نییه‌. ئێمه‌ش ده‌توانین ئه‌و ئه‌سپ و قاترانه‌ له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و مانگای شیری بگۆڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاوانیشمان نه‌کردبێت و کارێکی خێریشمان کردبێت یان لانی‌که‌م ده‌توانین ئه‌و ئه‌سپانه‌ ڕاده‌ستی که‌رتی گه‌شتیاری بکه‌ین و وه‌کوو خزمه‌تێک له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کاندا بۆ ئه‌سپ سواری کردن به‌کار بهێنرێت.

نوێنه‌ری خه‌ڵکی شنۆ و نه‌غه‌ده‌ به‌ جده‌وه‌ داوای له‌ به‌رپرسان کرد جارێکی‌تر ئه‌سپ کوشتن دووپات نه‌بێته‌وه‌ چوونکه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ په‌رله‌مانی ئێران پڕۆژه‌یاسا هه‌یه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌ کردنی ئازار گه‌یاندن به‌ ئاژه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕگه‌ی 5ی ماده‌ی 679ی یاسای سزادانی ئیسلامی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13847

Your Comment

You are replying to: .
captcha