ڕووداوەکانی کەرکووک پێگەی یەکێتیی لە ناو خەڵکدا بەرز کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک و کاندیدی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی چوارەمین خولی پەرلەمانی عێراق، جەخت دەکاتەوە ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبر پێگەی یەکێتیی لە ناو خەڵکدا بەرز کردەوە و ڕێژەی دەنگەکانی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی بەردەمدا زۆرتر دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵبژاردنەکانی چوارەمین خولی پەرلەمانی عێراق، 22ی گوڵان/ 12ی مەی بەڕێوە دەچێت، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کوردەکان لە پارێزگای گرینگ و هەستیاری کەرکووکدا هێشتا نەیانتوانیوە ئیئتیلافێکی هاوبەش پێکبێنن و پارتی دیموکراتیش بە بۆنەی ناڕەزایی دەربڕین هەمبەر ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبر کە هێزە کوردییەکان کەرکووکیان چۆڵ کرد و هێزی عێراقی لە جێگایان جێگیر بوون و کونترۆڵی کەرکووکیان بەدەستەوە گرت، هەڵبژاردنەکانی لەو ناوچەدا بایکوت کردووە.

کوردپرێس لە درێژەی دیمانەکانیدا لەگەڵ کەسایەتی و پارتە جیاوەزەکاندا لە بارەی هەڵبژاردن، لەگەڵ ڕێبوار تەها نوێنەری ئێستای یەکێتی لە پارێزگای کەرکووک و کاندیدی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکانی بەردەمدا گفتوگۆی ئەنجام داوە. ناوبراو بە هەواڵنێری نێردراوی کوردپرێس دەڵێت و جەخت دەکاتەوە کە پێگەی یەکێتیی لە ناو خەڵکدا نەک دانەبەزیوە بەڵکوو بەرز بوەتەوە و ڕێژەی دەنگەکانی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی بەردەمدا زۆرتر دەبێتەوە و بوون و نەبوونی پارتیش کاریگەریی نابێت.

کوردپرێس: لە دوای 16ی ئاکتەوبر هەندێک پێگەی یەکێتی لە کەرکووک دابەزیوە و لە 6 کورسیەکەدا ئیحتیمالی ئەوەی هەیە کە ڕیزشی هەبێت، ئێوە چ مکانیزمێکتان هەیە بۆ ئەوەی کە کورسییەکەتان نەکەوێت؟

ڕێبوار تاها: دوای ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم ئێمە وەکوو یەکێتیی نیشتمانی کەرکووکمان پاراست و هەروەها خەڵکی کەرکووکمان پاراست نەمانهێشت کەرکووک تووشی نەهامەتی و دەربەدەرییێکی گەورە بێت و ڕێگریی کرا لە تێک چوونی ماڵی کورد ڕوودانی کارەساتێکی مرۆڤی واتا لە دەست دانی سەدان هەزار گەنج بەبێ تاوان، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لەو بەرپرسیارەتیەشیەوە قەراری مانەوەی دا لە 16ی ئاکتەوبر لە کاتێکدا کە هەموو دونیا پشتیان لێکردین بەڵام قەراری مانەوەی دا لە کەرکووک لەو کاتەی کە دەسەڵاتی سەربازی و ئیداریشی نەما. ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە بە قوەتێک زیاتر بینەوە ساحەی سیاسی و بەشداری بکەین لە عەمەلەی ئینتیخابی بۆ پەرلەمانی عێراق. بۆیە خەڵکی کەرکووکیش ئەمڕۆکە ئەو شایەتحاڵیە ئەدەن کە یەکێتی پشتی لە خەڵک و لە جەماوەرەکەی خۆی نەکرد لە کاتە ناخۆش و دژوارەکاندا، ئێستاکە ئەوانیش پێیان وایە تەنها یەکێتی دەتوانێت پارێزەری کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان بێت، بۆ ئەوەش کە یەکێتی بەردەوام بێت لە پاراستن یا لە بەردەوام بوون لە پاراستنی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان ئەبێت بەشدار بن لە عەمەلەی ئینتیخابی واتا چوون بۆ سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن بە لیستەکەی جەنابی مام جەلال، کە لیستی یەکێتییە. بۆیە ئێمە هەموو ئەوانە ڕەت دەکەینەوە کە پێیان وایە یەکێتی لاواز بووە، یەکێتی دەنگەکانی خۆی بەدەست دێنێت ڕەنگە بە زیادیشەوە بە دەستی بێنێت. ئەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە لە بەغدا تیمێکی بەهێز بین و کار لەسەر ئەوە بکەین کە ئەو مافە یاساییانە و دەستوورییانە کە لەدەستمان داوە بە دەستی بێنینەوە ئەمجارە چوونکە زۆرێک لە مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەهۆی نەفامی و نەزانیی هەندێک لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئێمە لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان لە دەستمان داوە. ئێمە دەمانەوێت وەکوو لیستەکەی جەنابی مام جەلال جارێکی دیکە ئەو مافە بەدەست بێنین و بەدەست هێناونەوەشی لە بەغداوە دەبێت، چوونکە ئێمە لە بەغدا میوان نین ئەوە زۆر خراپ بوو کە لە ڕابردوودا هەندێک لە سەرکردەکانی کورد وابیریان کردەوە کە ئێمە میوانین لە بەغدا، ئێمە شەریکین لە بەغدا و ئێمە بەغدامان دروست کردەوە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە و شەریکیش ماف و حقووقی خۆی هەیە دەبێت وەکوو خۆی وەربیگرێت.

کوردپرێس: دیارە پارتی بەشداری ناکات لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئایا ئەوە مەترسی دروست ناکات کە پێگەی کورد لاواز بێت یا کورسی کەمتر بەدەست بێنێت؟

ڕێبوار تاها: تەسەور ناکەم بوون و نەبوونی پارتی بەو شێوەیە تەئسیر بکات بەڵام نەبوونی یەک لیستیی کوردی و یەک قائیمەی کوردی تەئسیری هەیە، ئێمە وەکوو یەکێتی داوامان کرد لە هەموو حیزبە کوردستانییەکان یەک قائیمە بن بەڵام بەداخەوە بەگوێیان نەکردین و نەهاتنە پێشەوە، هەندێک لە حیزبە کوردستانییەکان پێیان وایە کە یەکێتی نەماوە بەڵام یەکێتی خاوەن قاعیدەیێکی جەماوەریی بەهێزە لە کەرکووک کە مەڵبەند و مەرکەزی جەماوەرییەکانی یەکێتی کەرکووکە، بۆیە نەبوونی ئەو یەک لیستییە زەرەرمان پێ دەگەیێنێت. برادەرانی پارتیم پێم وایە هەڵەیێکی مێژووییان کرد کە بەشداریی ئینتیخاباتیان لە کەرکووک نەکردووە و پشتیان لە خەڵکی کەرکووک کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوشدا ئێمە داوا لە دۆست و لایەنگران و ئەندامانی پارتیش دەکەین لیستەکەی جەنابی مام جەلال لیستی هەموو کوردە، واتا دەنگەکان ناسووتێت ئەو لیستانەی دیکە کە دروست بوونە لیستی بچووکن، هەموو دەنگەکانی کورد بەداخەوە بە فیڕۆ ئەچێت و ئەسووتێ لە نەتیجەدا لیستەکانی دیکە دەنگەکانیان زیاد دەبێت. بۆیە لیستەکەی جەنابی مام جەلال بەپێی ڕاپرسییەکان کە یەک پۆینت حەفتە، ئەو لیستەیە کە دەتوانێت زۆربەی کورسییەکان بەدەست بێنێت کەواتە دەنگدان بە لیستەکەی مام جەلال واتا دەنگەکەت ناسووتێت و نافەوتێت و هەروها لیستەکەی جەنابی مام جەلال لیستی هەموو کوردانی کەرکووکە و لیستی ئەو پێکهاتانەی دیکەشە کە بڕوایان بە پێکەوە ژیان هەیە لە گەڵماندا.

کوردپرێس: دیارە دوو کورسی بۆ عەرەبە و دوو کورسی بۆ تورکمان، بەرەی تورکمانی باش کار دەکەن ئێوە کێ بە ڕیکابەری خۆتان دەزانن؟ ئایا لیستی تورکمانی کە حەشدی شەعبیی لەگەڵە دەتوانێت ڕکابەری بکات؟

ڕێبوار تاها: لیستەکەی جەنابی مام جەلال ڕکابەری نییە لە کەرکووکدا، ئێمە لە پێشەوەی هەموو لیستەکانین و نەتیجەی ئینتیخابات لە 12ی5 ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت.

کوردپرێس: پێش بینی چەند کورسی دەکەن؟

ڕێبوار تاها: ئێمە پێش بینیی 6 کورسی دەکەین.

دیمانە: ئەفشین غوڵامی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13838

Your Comment

You are replying to: .
captcha