به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی ٤ی ئایاری ٢٠١٨، به ئاماده بوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژماره‌یێک له ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تیی پارتی به مه‌به‌ستی بانگه‌شه بۆ لیستی ١٨٤ و ناساندنی کاندیداکانی پارتی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاهه‌نگێکی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان له شاری سلێمانی ساز کرا.
له‌و ئاهه‌نگه‌دا که ژماره‌یێکی به‌رچاو له ئه‌ندامان و لایه‌نگران و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان له سنوورى سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپه‌ڕین و ‏گه‌رمیان به‌شدار بوون جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکه‌ش کرد.
له وتاره‌که‌یدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئاماده بوونی له شاری سلێمانی ئاماژه‌ی به مێژووی پڕشکۆی خه‌باتی هه‌ر دوو شۆڕشی ئهیلوول و گوڵان له سلێمانی کرد که بوووه‌ته هۆی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تاییی سلێمانی و پارتی به یه‌کتره‌وه. ڕێزگرتنی پارتی و بارزانییه‌کان له سلێمانیشی بۆ ئامۆژگاری و وانه‌کانی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی گه‌ڕانده‌وه له‌وانه به‌هاناوه‌چوونى شۆڕشی شێخ مه‌حموود له‌لایه‌ن بارزانیی نه‌مر و پێشمه‌رگه بارزانییه‌کانه‌وه.
هاوكات ڕۆڵی خه‌ڵکی شاره‌که‌ی له یارمه‌تیدانی بارزانیی نه‌مر و ده‌رباز کردنی له‌و شاره له چله‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردووی به ڕۆڵێکی مه‌زن و له‌یادنه‌کراو وه‌سف کرد هه‌ر بۆیه جه‌ختى له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی تێکه‌ڵیی خانه‌واده‌ی بارزان له‌گه‌ڵ خانه‌واده گه‌وره‌كانی سلێمانی کرده‌وه كه هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌مێنێته‌وه.
نێچیرڤان بارزانی باسی له‌و ئیرهابه فكری و سیاسییه کرد که هه‌ندێ لایه‌ن دژی پارتی له سلێمانى ئه‌نجامى ده‌ده‌ن كه به‌شێكى زێڕ‌ینى مێژووی پارتی نووسیوه‌ته‌وه. له‌و باره‌یه‌وه سوپاس و پێزانینی سه‌رۆک بارزانی و سه‌رکردایه‌تیی پارتی به خه‌ڵکی سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری گه‌یاند که سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئیرهابه فیکرییه، وه‌فادارترن بۆ پارتی و ڕێبازی بارزانی و دڵنیای کردنه‌وه ئه‌و ئیرهابه له لێواری ‏له‌ناوچووندایه و ئه‌وانیش به سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی ده‌مێننه‌وه.‏
جێگری سه‌رۆكی پارتی باسی له هه‌ڵوێست و بۆچوونی ئه‌و حزب و که‌س و لایه‌نانه‌ی سلێمانی کرد که شاره‌که‌یان بۆ مه‌رامی سیاسیی خۆیان به‌کار هێناوه و ژیانیان له خه‌ڵکه‌که‌ی تاڵ کردوووه، به‌وه‌ی که هه‌میشه هه‌وڵی جیا کردنه‌وه‌ی سلێمانییان داوه و ده‌یانه‌وێ ‏بێده‌نگ بێت به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداری غه‌یره‌كورد و توند بێت به‌رامبه‌ر ‏ده‌سه‌ڵاتداری كورد و ئاشكرای كرد كه ئه‌وانه ڕێز له قوربانییه‌كانى خه‌ڵكی سلێمانی ناگرن ‏شاره‌زای خه‌ڵک و مێژووی خه‌باتی ئه‌م ده‌ڤه‌ره نین.
جێگری سه‌رۆکی پارتی، سلێمانی به مه‌ڵبه‌ندی حزبه‌که‌ی دانا و خۆڕاگریی پێشمه‌رگه‌کانی له به‌رامبه‌ر له‌ناوچوونی ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕینی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه که به‌شێكی خوێنی پارتی له خوێنی ڕه‌سه‌نی سلێمانییه. هه‌روه‌ها ڕای خه‌ڵکی سلێمانی له‌گه‌ڵ نوخبهیێكی سیاسیی سارد و سڕ به‌رامبه‌ر به ئامانج و پرسه ‏نهتهوهیییهكان به دوور زانی و هاووڵاتییانی شاره‌که‌ی به هاوبیری پارتی دانا له بڕوابوون و قوربانیدان بۆ سه‌ربه‌خۆیى.
نێجیرڤان بارزانی داوای له خه‌ڵكى سلێمانى و سنووره‌كه كرد ئه‌مجاره زیاتر له هه‌موو جارێک ده‌نگ به لیستی ‏‏184ی پاتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن که سه‌لماندوویه‌تی بۆ مافه‌کانی گه‌لی کوردستان له به‌غدایه و له‌پێناو یه‌کڕیزیدا ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌کانی بوو بۆیه دووپاتی کرده‌وه که پشتگیری‌یان له پارتى ‏ده‌رفه‌تى زیاتر بۆ پارتى ده‌ڕه‌خسێنێت كه چ له به‌غدا و چ له كوردستان خزمه‌تى ‏زیاترى ئه‌م سنووره بكات.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه پارتی ویستوویه‌تی و هه‌وڵی داوه وه‌ک هه‌ولێر و ‏دهۆک، ئاوه‌دانیی زیاتر و پێشكه‌وتنی زیاتر بۆ سلێمانی و ته‌واوى ئه‌و سنووره ‏به‌دی بهێنێت، به تایبه‌ت له ڕووی خوێندن، گه‌شتیاری و وه‌به‌رهێنان و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتری کار بۆ گه‌نجان و خزمه‌ت کردنی سلێمانیی به ئه‌رکی خۆیان زانی.
نێچیرڤان بارزانی ڕووی له هه‌ندێک به‌رپرسی حزبه‌کانی دیکه له سلێمانی کرد كه شکسته‌کانی خۆیان ده‌خه‌نه سه‌ر شانی پارتی و به ناوی ئاماده‌بووانه‌وه پێی گوتن: ئیتر تا ئێره و به‌س، واز بهێنن له هێرش کردنی به ئه‌نقه‌ست بۆ سه‌ر پارتی و چه‌واشه کردنی خه‌ڵکی سلێمانی که له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئیرهابه فیکرییه‌دا کراون. له‌وه‌ش دڵنیا بوو که ئه‌وانه‌ی هه‌موو كه‌موكورتییه‌كانی سلێمانی ده‌خنه ‏ملی پارتییه‌وه لای خه‌ڵكی سلێمانی، قسه‌كانیان ته‌واو سواون. هاوڕاش بوو له‌گه‌ڵ گه‌نجانی شاره‌که که ئه‌و حزبانه ‏شه‌ڕ بۆ سلێمانى ناكه‌ن به‌ڵکوو شه‌ڕ به سلێمانى ده‌كه‌ن.
نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی زیاتری شاره‌که کرده‌وه له ڕووی کار و بووژاندنه‌وه‌ی بازاڕ و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار و ‏چالاكیی هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی زیاتر بۆ گه‌نجانی داهێنه‌ری سلێمانی.
هه‌روه‌ها گوتى: بڕیاری پێشكه‌ش كردنی سلفه‌ی ‏هاوسه‌رگیری بۆ گه‌نجان و سلفه‌ی خانوبه‌ره ‏بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ستپێشخه‌ریی پارتی بوووه له ‏كابینه‌ی پێنجه‌مدا له‌گه‌ڵ یارمه‌تیدانی ‏جووتیاران ‏و دانانی نه‌خشه‌ی ستراتێژی بۆ پێشخستنی كشتوكاڵ.
جێگری سه‌رۆکی پارتی، به پارێزگا بوونی ههڵهبجهیشی بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانی پارتی له به‌غدا گه‌ڕانده‌وه و دووپاتی کرده‌وه که به‌ردوام ده‌بن له دابین کردنی شایسته داراییێهکانی هه‌ڵه‌بجه له به‌غدا و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال.
نێچیرڤان بارزانی هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه کرد که نابێ ململانێی باڵ و گرووپ و حزبه‌كان تێكه‌ڵی كاره ئیدارییه خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌ت ‏له سلێمانی بكرێت بۆیه بۆ به‌رگری كردن له مافه‌كانی گه‌لی كوردستان بۆ ئیدارهیێكی باش و ‏پڕۆژه‌ی گه‌وره و گه‌شاوه داوای له خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه و ‏سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین کرد له‌م هه‌ڵبژاردنه و له ‏هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌نگ به پارتی دیموكراتی ‏كوردستان بده‌ن.‏
نێچیرڤان بارزانی، خۆڕ‌اگرى و به‌رگری كردن له خاكى كوردستان، ‏ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى پیلانگێڕه ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان و شكست پێهێنانى ‏پیلانه‌كانیان، كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و كردنه‌وه‌ى ده‌رگا ‏دیپلۆماسییه‌كان به ڕووى هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌ست پێكردنى چاره‌سه‌ر كردنى ‏كێشه دارایییه‌كانی بۆ سیاسه‌تی پارتی گه‌ڕانده‌وه و ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر ئه‌و هاتوچۆی به‌غدای ئه‌و ده‌سته ناوخۆیییانه نه‌بوونایه كه هه‌وڵیان دا ‏پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان لاواز بكه‌ن، هه‌موو كێشه‌كان زۆر زووتر و خێراتر چاره‌سه‌ر ده‌کران.
هه‌روه‌ها بڕینی بودجه، شه‌ڕی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی به‌لێشاوی ئاواره و په‌نابه‌رانى بۆ هه‌رێمی کوردستان به کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رده‌م حکوومه‌تی هه‌رێم دانا که وایان کرد پلان و كاری ڕاست كردنه‌وه‌ی باره تێكدراوهكه، تا ‏ڕاده‌یێكی زۆر په‌یوه‌ست بێت به كات، هیوایشی خواست ئه‌و پڕۆژه گه‌وره‌یه له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بکرێت که حکوومه‌ت بۆ چاکسازیی بنه‌ڕه‌تی پێشکه‌شی کردوووه.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپات کردنه‌وه‌ی باوه‌ڕی نه‌گۆڕی پارتی به مافی دیاری كردنی چاره‌نووس بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر خاكی ‏وڵاته‌كه‌ی، پیلانه‌کانی که‌سانێکى باس كرد كه ده‌یانویست هێزه عێراقییه‌کان په‌لاماری هه‌ولێر و دهۆک بده‌ن و قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه و دوو ئیداره‌یی دروست بکه‌نه‌وه به‌ڵام به خۆڕاگریی ڕۆڵه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه له پردێ و سحێلا به یه‌كده‌نگیی گه‌لى ‏كوردستان له دژی ئه‌و پیلانه وه‌ستانه‌وه و ئه‌وه‌شی به شه‌ره‌فێکی گه‌وره بۆ خه‌ڵکی سلێمانی و پێشمه‌رگه‌کانی و پارتی و جه‌نابى سه‌رۆک بارزانى وه‌سف کرد.
کار کردن بۆ ئارامیی عێراق و ناوچه‌که‌ی به ئه‌رکی حزبه‌کی دانا و باوه‌ڕی وابوو که به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان له ئاشتیدایه نه‌ک له شه‌ڕ و نائارام بوونی ‏ناوچه‌كه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه ئێستایش لایه‌نه عێراقییه‌كان وه‌ک لایه‌نێكی سه‌ره‌كی بۆ ‏داهاتوو ته‌ماشای پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ن و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ‏ده‌كه‌ن. له‌و ڕووه‌وه داوای کرد دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ‏پێكه‌وه به یه‌كگرتوویى دابنیشن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه ‏عه‌ره‌بییه‌كانی عێراقدا بكه‌ن و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان و سه‌ختیی بارودۆخه‌که‌ی عێراق یه‌کگرتووییی لایه‌نه‌کانی به پێویست زانی.
جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای ناساندنی کاندیده‌کانی پارتی هیوای خواست هه‌مووان له‌و ڕۆژه‌دا به گوڕوتینه‌وه به‌ره‌و سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان بچن و ‏ده‌نگ به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن و هه‌روه‌ها هیواى خواست له ‏هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا به خۆشی و هێز و گوڕ و تینێكی ‏زیاتره‌وه یه‌كتری ببیننه‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment