بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرحەد ئەمانۆس، وتەبێژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕایگەیاند: لەهەر شوێنێک هێزی توركیا هەبێت، ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە و ڕووبەڕوویان دەبینەوە.
سەبارەت بە دروست كردنی كانتۆنێكی سەربەخۆ لە ناوچەی بارزان، سەرحەد ئەمانۆس ڕوونكردنەوەی دا و وتی:"ئێمە بەنیاز نین كانتۆن لەو ناوچەیە دروست بكەین، هیچ بەرنامەیێكی لەو جۆرەمان نییە، بەڵام بڕیاری جموجۆڵی ئێمە لە دژی سوپای توركیایە لەهەر شوێنێک بوونی هەبێت".
ناوبراو ئاشكراشی كرد: زیاتر لە 20 بارەگای توركیا لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر سیاسەت و ئابووری و كلتوری هەرێم هەیە و نابێت ئەو داگیركارییە قبووڵ بكرێت، ئێمە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن-ەوە لە سنووری بارزان و ناوچە سنوورییەكانی نێوان کوردستانی تورکیا و هەرێمی کوردستانی عێراق بوونمان هەیە، هەرچەند هێزی سەرەكیمان لە کوردستانی تورکیا شەڕ دەكات.
وتەبێژەكەی پەكەكە ئاماژەی بەچەندین ناوچەی سنووریی هەرێم كرد كە لە ژێر كۆنترۆڵی گەریلاكانیاندایە و وتی: "بوونی ئێمە كاریگەریی لەسەر كاروبارەكانی هەرێم دروست ناكات و گەریلاكانیشمان كاریگەری خراپیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی گوندنشین نییە و دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەتوانن سەرقاڵی كاری خۆیان بن".
سەرچاوە: SNN
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment