کوردپرێس:
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام هەندێک کێشەی دیکە هەیە، هەندێک تێبینی دیکە لەسەر یاسای بودجە بەشێوەیەکی گشتی، کە یاسای بودجە یاسایێکی گشتییە پەیوەندی بەهەموو عێراق و هەرێم و شارەکانی ناوەڕاست و باشووریشەوە هەیە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەبارەی ئەو گرفتەی هاتووەتە بەردەم رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا، لایەنەکانی دیکە دەڵێن ئاسانە و چارەسەریدەکەین و لەگەڵ کورد کێشەمان نابێت، بەڵام کێشەی گەورەی بودجە کێشەی غەیری کوردە نەک کورد."
بەشیر حەداد لەبارەی دواکەتنی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە باسی لەوەکردووە، کە هەینی رابردوو تاوەکو درەنگانێکی شەو شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی سەرقاڵی گفتوگۆبوون و بڕیار بووە هەر ئەو شەوە رێککەوتنەکە پەسەن بکرێت، دەشڵێت، کە بۆ رۆژی دواتر چوونەتەوە پەرلەمان، هەندێک دەنگۆیان بیستوە کە گوایە دەکرێت رێککەوتنەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
بەشیر حەداد ڕاشیگەیاندووە، زانیویانە کە دوو بۆ سێ وشەی رێککەوتنەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بۆیە شاندی هەرێم رازی نەبوون بەوە، بەڵام دواتر لایەنەکان وتوویانە کە ئەوە ئاسانە و چارەسەر دەکرێت.
دواى چەندین جار دواخستنی کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١، بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر چەند بڕگەیەکی مادەى ١١ کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە بۆ سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دواخرا.
Your Comment