لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ناوچەی ئازادی بازرگانی دروست دەکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ناوچەی ئازادی بازرگانی دروست دەکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/5/2018 به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ شاری هه‌ولێر كۆنفرانسی په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌‌رێمى كوردستان ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا دوای پێشكه‌ش كردنی چه‌ند وته‌یێک له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ران و ئاماده‌بووانی كۆنفرانسه‌كه‌وه‌، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یێكی پێشكه‌ش كرد و سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنی د. شه‌ریعه‌تمه‌داری وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگاره‌كانی ئێران و به‌تایبه‌تی پارێزگاری ورمێ و باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ به‌غدا و هه‌موو به‌شداران و میوانانی كۆنفرانسه‌كه‌ی كرد.

نێچیرڤان بارزانی دواتر باسی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌‌شى هه‌یه‌ و گرنگییێكى گه‌وره‌ به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌‌‌ به‌‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌م كۆنفرانسه‌ ده‌ڕوانێت و پشتگیرى لێ ده‌كات و پشتگیریش له‌ هه‌‌ر كار و چالاكییێكى دیكه ده‌كات ببێته‌ هۆى په‌‌ره‌پێدان و به‌‌ره‌وپێش بردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كان و له‌مباره‌یه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان كاری به‌‌رده‌وامی كردووه‌.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆک وه‌زیرانی هەرێم ئاشكرای كرد كه‌ قه‌باره‌ى ساڵانه‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى ‌نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێران ده‌گاته‌ 6,5 ملیار دۆلار كه‌ زیاتر له‌ 25%ى كۆى گشتیى هاورده‌كردنى هه‌‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنێت، ئه‌مه‌ جیا له‌ فڕۆکەخانه‌كان و پارێزگاكانى خوارووى عێراق.

هه‌رل له‌مباره‌یه‌وه‌ بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه هه‌رێمی كوردستان‌ 67%ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبیل له‌ سنووره‌كانى ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات و 359 كۆمپانیاى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان لقیان هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ بوارى بازرگانیدا كار ده‌كه‌ن، وێڕاى هه‌‌بوونى 135 كارگه‌ى ئێرانى له‌ هه‌‌رێمى كوردستان كه‌ سه‌دان ده‌رفه‌تى كاریان ڕه‌خساندووه‌ و كۆى ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانییانه‌ش له‌ هه‌‌رسێ مه‌رزى سنووریى نێوده‌وڵه‌تیى په‌‌ڕوێزخان، حاجى ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزى دیكه‌ى لاوه‌كى كه‌ له‌ هه‌‌وڵدان هه‌‌ندێكیان بكرێنه‌ ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.

ناوبراو ئاشكرای كرد كه‌ حكوومه‌تى هه‌‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى په‌‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریدا له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌وڵ ده‌دات ناوچه‌یێكى بازرگانیى ئازاد له‌ مه‌رزى په‌روێزخان دروست بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌‌سته‌ حكوومه‌ت هه‌‌ندێ هه‌‌نگاوى كرده‌یى ناوه‌ و شوێنى تایبه‌‌تى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابین كردووه‌، به‌‌ڵام پێویستی به‌ هه‌نگاوی كاراتر له‌ هه‌‌ردوولا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراقه و هیوای خواست ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوكار بێت بۆ زه‌مینه ‌خۆش كردن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانى به‌‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ تاكوو بتوانرێت بخرێته‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى جێبه‌‌جێ كردن.

نێچیرڤان بارزانی ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتییێكی دیكه‌ بۆ فراوان كردنى بازرگانى و چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌‌گشتى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێراندا و ده‌بێته‌ هانده‌رێک بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ ده‌رفه‌تى باشترى كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى زیاد ببێت، كه‌ یه‌كێک له‌ ئامانجه‌ سه‌ركییه‌كانى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و كاری جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كات.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ سنووری درێژى نێوان هه‌‌رێمى كوردستان و ئێران واى كردووه‌ دوو بازاڕى له ‌یه‌كتر نزیک بن، بۆیه‌ ده‌كرێت زۆر زیاتر له‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه، بواره‌ بازرگانییه‌كانى نێوانیان هه‌‌مه‌جۆر و فراوانتر بكه‌ن.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ به‌خێرهاتنی میوانان و به‌شدارانی كۆنفرانس و ده‌ستخۆشی له‌‌ ڕێكخه‌رانى كرد و هیوای خواست بۆ بره‌ودان و به‌‌ره‌وپێش بردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و ئالۆگۆڕى بازرگانیى هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێراندا، كۆنفرانسه‌كه‌ ئه‌نجامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێک ڕاسپارده‌ و پێشنیارى ئه‌رێنى پێشكه‌ش به‌‌ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ هه‌‌ردوولا بكات.

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13776

Your Comment

You are replying to: .
captcha