حکوومه‌تی هه‌رێم په‌یامێکی بڵاو کرده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌مڕۆ ١/٥/٢٠١٨ که‌ جه‌ژنی کرێکارانه‌ له ‌جیهاندا، حکوومه‌تی هه‌رێم به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ په‌یامێکی بڵاو کرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: حکوومه‌ت پیرۆزبایی له‌ کرێکارانی کوردستان و جیهان کردوووه‌ و ئه‌م ڕۆژه‌شی له‌ مێژووی کرێکاران به‌ ڕۆژێکی پڕشه‌نگدار و پڕبه‌ها بۆ داکۆکی کردن له‌ ماف و خواسته‌کانیان وه‌سف کردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له په‌یامه‌که‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمدا هاتوووه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی جیدی ده‌دات بۆ باشتر کردنی گوزه‌ران و ڕه‌خساندنی زیاتری ده‌رفه‌تی کار و خزمه‌تگوزاری و مافه‌کانیان و هانی که‌رتی تایبه‌تیش ده‌دات که‌ به‌ پشتیوانی و هاوکاریی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکوومه‌ت ڕه‌چاوی زیاتری ماف و داخوازییه‌کانی کرێکار بکه‌ن و خۆیان به‌ به‌رپرسیار بزانن له ‌به‌رده‌م پێداویستییه‌کانی کرێکاران و ڕه‌خساندنی که‌ش و ژینگه‌ی کار له‌ ئاستێکی شیاوی سه‌رده‌میانه‌دا.

ده‌قی په‌یامه‌که‌‌:

به ‌بۆنه‌ی 1ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانه‌وه‌، پیرۆزباییێکی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م کرێکارانی کوردستان و جیهان ده‌که‌ین. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ مێژووی کرێکاراندا ڕۆژێکی پرشنگدار و پڕ به‌هایه‌ بۆ داکۆکی کردن له‌ ماف و خواسته‌کانیان. کرێکاران توێژێکی زیندووی خاوه‌ن ڕه‌نج و به‌رهه‌مهێنی کۆمه‌ڵگاکانیانن و له کوردستانیش ڕۆڵی گرنگ و کاریگه‌ریان له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی وڵاتدا هه‌یه‌.

حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی ئه‌م توێژه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ده‌ڕوانێت و په‌رۆشی ده‌سته‌به‌ر کردنی ماف و داخوازییه‌کانیانه‌ و هه‌وڵی جیدی ده‌دات بۆ باشتر کردنی گوزه‌ران و ڕه‌خساندنی زیاتری ده‌رفه‌تی کار و خزمه‌تگوزاری و مافه‌کانیان و هانی که‌رتی تایبه‌تیش ده‌دات که‌ به‌ پشتیوانی و هاوکاریی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکوومه‌ت ڕه‌چاوی زیاتری ماف و داخوازییه‌کانی کرێکار بکه‌ن و خۆیان به‌ به‌رپرسیار بزانن له ‌به‌رده‌م پێداویستییه‌کانی کرێکاران و ڕه‌خساندنی که‌ش و ژینگه‌ی کار له‌ ئاستێکی شیاوی سه‌رده‌میانه‌دا.

وێڕای ده‌ستخۆشیمان له‌ سه‌ندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکی کردن و پشتیوانییان له‌ ماف و داخوازییه‌کانی ئه‌م توێژه‌ گرنگه‌ی کۆمه‌ڵگا هیوادارین کاری زیاتر له‌ خزمه‌تی خواسته‌کانیاندا بکه‌ن و به‌ شێوه‌یێکی مه‌ده‌نی و یاسایی له‌ هه‌وڵ و کۆششیان به‌رده‌وام بن و هه‌رچیش بكه‌وێته ئه‌ستۆى حكوومه‌ت درێخى ناكات.

به‌رز و پیرۆز بێت یه‌کی ئایار، ڕۆژی جیهانیى کرێکاران.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

2018.05.01

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13750

Your Comment

You are replying to: .
captcha