بەپێی هەواڵی کوردپرێس بارام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەویێکدا وەڵامی نەتانیاهووی دایەوە کە باسی پلانی ژێربەژێری ئێرانی کردبوو بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی و ئیدعای کردبوو بەڵگەی بەدەستەوەیە.
قاسمی ئەو ئیدعایەی نەتانیاهوو بە سووک و گاڵتەجاڕ ناو دەبات و دەڵێت: ئەوە پەلەقاژە و گیانکەنشتی ڕژیمی زایۆنی کە بە هۆی شکستەکانیانەوە قولە فڕێ ئەکەن و ڕوو دەکەنە درۆ و جگە لەوەش هیچی تریان پێ نییە.
ناوبراو زیادی کرد: بەرەڵایی و خوێڕیگەری چیتر باوی نەماوە و دیاردەی سەردەمی جەهالەتە بەڵام ڕژیمی ناشەرعی و ساختەیی زایۆنی دەیکاتە سیاسەت و پەیڕەوی دەکات.
شیای ئاماژەیە شەوی ڕابردوو بنامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی زایۆنی چەند وێنەیێکی پیشان دا و ئیدعای کرد ئەو وێنانە نیشانی دەدەن کە ئێران پێش ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی 5 کۆ یەک بە نیاز بووە چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت و ئێستاش ژێربەژێر خەریکی هەمان کارە.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پێشتر ئەو لێدوانەی نەتانیاهووی ڕەت کردبووەوە و پێی وتبوو تۆ شوانە درۆزنەکەیت.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاشکرا وتوویەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ هەموان حەرامە.
Your Comment