بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی 12ی مەی-ی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەدەچێت كە لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە حكوومەتی داهاتوو پێک دەهێنرێت، تائێستا لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەكانی رابردوو حكوومەتی بنكە فراوان پێک هێنراوە.
لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو حكوومەتی بنكەفراوان پێک هێنراوە، بەڵام ئێستا بەشێک لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی سەركردە شیعەكان لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەن.
نووری مالیكی، كە سەرۆكایەتی حیزبی دەعوەی عێراق دەكات، دەڵێت: كار بۆ ئەوە دەكەن لە دوای هەڵبژاردن زۆرینەی سیاسی دروست بكەن، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو زۆرینەیە حكوومەت دروست بكەن.
مالیكی، كە سەرۆكایەتی لیستی دەوڵەتی یاسا دەكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو لیستەكەی گەورەترین لیستی عێراق بووە، راشیگەیاند، ئەوان ئەمجارە ناچنە حكوومەتی بنكە فراوانەوە، بۆیە خۆیان كار بۆ حكوومەتی زۆرینە دەكەن.
حكوومەتی زۆرینە بە 50 كۆ یەكی پەرلەمانی دروست دەكرێت، كە پەرلەمانی عێراق لە 329 كورسی پەرلەمانی پێكهاتووە و دەبێت نیوە زیاتری ئەو كورسیانە مسۆگەر بكەیت، كە ئەوەش قورسە بۆ لایەنەكانی عێراق.
لای خۆیشییەوە، قەیس خەزعەلی، یەكێک لە سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری رایگەیاند: ئەوان لەگەڵ حكوومەتی زۆرینەن و جەختیشی كردەوە، سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ئەوان دیاری دەكەن.
قەیس خەزعەلی وتیشی كاندیدیان بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو هادی عامرییە، كە بۆ ئەو مەبەستەش كار بۆ ئەوە دەكەن زۆرینەی سیاسی بۆ كۆ بكەنەوە، بۆ ئەوەی بیكەن بەسەرۆک وەزیران.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment