بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەمڕۆ ٢٨/٤/٢٠١٨ دادگایی کردنی ٨ ئەندامی ڕێکخراوی داعش کە تۆمەتبارن بە پەیوەندی بوون بە هێرشەکەی ساڵی ڕابردووی ئەو گرووپە بۆ سەر پەرلەمانی ئێران و مەزارگەی ئیمام خومەینی، لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕش لە تاران بەڕێوە دەچێت کە ڕێکخراوی داعش دوای هێرشەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند.
دادگایی کردنەکە بە ئامادەبوونی ئەو هەشت تۆمەتبارە و پارێزەرەکانیان و بنەماڵەی قوربانییانی ئەو دوو هێرشە دەستی پێکردووە.
شیاوی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو (٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧) چوار چەکدار هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمانی ئێران و دوای چەند کاتژمێر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان لەناو بینای پەرلەمان خۆی تەقاندەوە و ئەوانی تریش کوژران.
هەر دوای کەمێک لەو هێرشە دوو خۆکوژ هێرشیان کردە سەر مەزارگەی ئیمام خومەینی لە تاران کە یەک لە خۆکوژەکان بێ ئەوەی زیانی مادی و گیانی بگەیەنێت خۆی تەقاندەوە و ئەویتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە کوژرا.
Your Comment