بەپێی هەواڵی کوردپرێس حسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری فەرمیی کچانی شیناوا لەو بارەیەوە بە ئاژانسی فارسی ئێرانی وتووە کچە سووتاوەکانی قوتابخانەی شیناوا تا ئێستا زیاتر لە سێسەد نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و برینی چەقۆی نەشتەرگەری قەرەبوو ناکرێتەوە.
ناوبراو گوتیشی: بەگوێرەی هەر پێنج مادەی سێهەم، هەشتەم، نۆزدەهەم، بیست و دووهەم و سی و چوارەمی دەستووری ئێرانی و دیسان بە گوێرەی یاسای سزادان لە ئیدارەی داواکاریی پیرانشار سکاڵام دژ بە وەزارەتی پەروەردە تۆمار کردووە چوونکە بەرپرسیار و خەتاکاری سەرەکییە لەو ڕووداوەدا. بۆیە لە سکاڵاکەدا داوای "دیە" و قەرەبوو کردنەوەی خەساری گیانی و جەستەییی ئەو شەش ساڵەم کردووە کە لە کچانی بێ تاوانی شیناوا قۆماوە.
مەحامیی کچەکانی قوتابخانە سووتاوەکەی شیناوا ئەوەشی زیاد کرد: کچانی شیناوا داوای سواڵ ناکەن بەڵکوو مافی یاسایی و دەستووریی خۆیانیان دەوێت. ئەو کچانە جوانییە لەکیس چووەکانی خۆیان داوا دەکەن کە لە قوتابخانەیێکی ناستاندەردا لە کیسیان چوو. ئەو کاتەی شایی و پێکەنین مافی ئەو کچانە بوو لە ژوور عەمەلیات بە دەست چەقۆی نەشتەرگەرییەوە دەیانناڵاند. ئێستاش دەوڵەت ئەرکی خۆیەتی بۆیان قەرەبوو بکاتەوە.
ناوباو زیادی کرد: ئێستا لە شیناوام بۆ ئەوەی ئەوەی لە باری یاساییەوە پێویست بێت بیکەم.
شیاوی ئاماژەیە ڕۆژی 15ی سەرماوەزی ساڵی 1391ی هەتاوی/ 6ی دیسەمبێری 2012 قوتابخانەیێکی سەرەتایی لە گوندی شیناوای سەر بە پیرانشار ئاگری تێبەربوو کە لەو ڕووداوەدا نزیکەی 30 قوتابیی کچی قوتابخانەکە بە توندی بریندار بوون و دوو قوتابیش گیانی خۆیان لە دەست دا و لەو ڕۆژەوە دەستەوەژەی " کچانی شیناوا" کەوتە سەر زاران.
Your Comment