پارێزەرەکەی کچانی شیناوا دیسان  دژ بە وەزارەتی پەروەردەی ئێران سکاڵا تۆمار دەکات

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- حسێن ئەحمەدی نیاز وتوویەتی ماوەی شەش ساڵ بە سەر ڕووداوی ئاگرکەوتنە لە قوتابخانەی شیناوا و سووتانی کچانی قوتابخانە تێدەپەڕێت و ئێستاش وەزارەتی پەروەردە خەمساردە لە ئاسانکاری کردن بۆ چارەسەری پزیشکیی ئەو کچە سووتاوانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس حسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری فەرمیی کچانی شیناوا لەو بارەیەوە بە ئاژانسی فارسی ئێرانی وتووە کچە سووتاوەکانی قوتابخانەی شیناوا تا ئێستا زیاتر لە سێسەد نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و برینی چەقۆی نەشتەرگەری قەرەبوو ناکرێتەوە.

ناوبراو گوتیشی: بەگوێرەی هەر پێنج مادەی سێهەم، هەشتەم، نۆزدەهەم، بیست و دووهەم و سی و چوارەمی دەستووری ئێرانی و دیسان بە گوێرەی یاسای سزادان لە ئیدارەی داواکاریی پیرانشار سکاڵام دژ بە وەزارەتی پەروەردە تۆمار کردووە چوونکە بەرپرسیار و خەتاکاری سەرەکییە لەو ڕووداوەدا. بۆیە لە سکاڵاکەدا داوای "دیە" و قەرەبوو کردنەوەی خەساری گیانی و جەستەییی ئەو شەش ساڵەم کردووە کە لە کچانی بێ تاوانی شیناوا قۆماوە.

مەحامیی کچەکانی قوتابخانە سووتاوەکەی شیناوا ئەوەشی زیاد کرد: کچانی شیناوا داوای سواڵ ناکەن بەڵکوو مافی یاسایی و دەستووریی خۆیانیان دەوێت. ئەو کچانە جوانییە لەکیس چووەکانی خۆیان داوا دەکەن کە لە قوتابخانەیێکی ناستاندەردا لە کیسیان چوو. ئەو کاتەی شایی و پێکەنین مافی ئەو کچانە بوو لە ژوور عەمەلیات بە دەست چەقۆی نەشتەرگەرییەوە دەیانناڵاند. ئێستاش دەوڵەت ئەرکی خۆیەتی بۆیان قەرەبوو بکاتەوە.

ناوباو زیادی کرد: ئێستا لە شیناوام بۆ ئەوەی ئەوەی لە باری یاساییەوە پێویست بێت بیکەم.

شیاوی ئاماژەیە ڕۆژی 15ی سەرماوەزی ساڵی 1391ی هەتاوی/ 6ی دیسەمبێری 2012 قوتابخانەیێکی سەرەتایی لە گوندی شیناوای سەر بە پیرانشار ئاگری تێبەربوو کە لەو ڕووداوەدا نزیکەی 30 قوتابیی کچی قوتابخانەکە بە توندی بریندار بوون و دوو قوتابیش گیانی خۆیان لە دەست دا و لەو ڕۆژەوە دەستەوەژەی " کچانی شیناوا" کەوتە سەر زاران.

News Code 13627

Your Comment

You are replying to: .
captcha