كه‌مپینی ئازادی بۆ دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ ڕاگەیەنرا

بەشی فەرهەنگ و هونەر- کەمپینى ئازادى بۆ فەرهاد پیرباڵ ڕاگەیەنرا ئەمەش پاش ئەوەى لە ڕێگەى نامەیێکەوە لە زیندان باسى خراپىی ڕەوشى ژیانى کردبوو.

کوردپرێس- لە ڕاگەیەنراوى کەمپینەکەدا هاتووە، رۆژی ١١ی ئاداری ڕابردوو، دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ، نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ، به تۆمه‌تی ناوزڕاندنی داموده‌زگای حكوومی و به ماده‌ی ٢٢٦ی یاسای سزادانی عێراقی له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه ده‌ستگیر کراوە، دواتر به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند كه دكتۆر فه‌رهاد له شوێنێكی پارێزراوه و چاره‌سه‌ری پزیشكیی بۆ ده‌كرێت.

هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ خراوه‌ته ژوورێكی تاكه‌كه‌سی له یه‌كێك له به‌ندیخانه‌كانی هه‌ولێر و ئازاری ده‌روونیی زۆر دراوه، چه‌ندین جار بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌تایبه‌ت كچ و كوڕه‌كه‌ی داوایان كردووه كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ سه‌ردانی بكه‌ن، به‌ڵام داواكانیان‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه ڕه‌ت كراونه‌ته‌وه.

کەمپینى ئازادى بۆ فەهاد پیرباڵ ئاشکراشیان کردووە، زانیارییه‌كان باس له تێكچوونی دۆخی ته‌ندروستیی دكتۆر فه‌رهاد ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر جه‌سته‌ی و ده‌روونی، ئه‌گه‌ر دكتۆر فه‌رهاد دۆخی ده‌روونی تێكچووه‌(وه‌ك پۆلیسی هه‌ولێر ڕایگه‌یاندووه‌) پێویسته‌ بخرێته‌ نه‌خۆشخانه‌وه‌ و له‌ ژێر چاودێریی پزیشكدا بێت، نه‌ك بخرێته‌ به‌ندیخانه‌ی تاكه‌كه‌سییه‌وه‌.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئێمه وه‌ك رۆژنامه‌وانان و نووسه‌رانی كورد له كوردستان و دیاسپۆرا، جگه له‌وه‌ی رای گشتیی ناوخۆی كوردستان و ده‌ره‌وه و وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه مرۆڤدۆسته جیهانییه‌كان له دۆخی دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه، داوا له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵبستێت و به زووترین كات دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ ئازاد بكات.

جەخت لەوەش دەکەنەوە، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هه‌ولێر و وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێم و ئاسایش و ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی له هه‌ولێر به به‌رپرس له ژیان و سه‌لامه‌تیی دكتۆر فه‌رهاد ده‌زانین.

دوێنێ نامەیێکى فەرهاد پیرباڵ بڵاوکرایەوە کە ناڕەزایەتیى لە بارودۆخى لە زیندان دەربڕیبوو داواشى کردبوو بەتەنها ١٥ خولەک ڕێگەى پێبدرێت کە کەسوکارەکەى ببینێت هەروەک لە بەرامبەردا عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندبوو، "هەواڵی ڕاگرتنی فەرهاد پیرباڵ لە ژووری تاکەکەسی لە زیندان دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایێکی نییە".

ناوبراو وتیشی ,"فەرهاد پیرباڵ لە ژوورێکی تایبەتیدا چاودێری دەکرێت و بە مەبەستی چارەسەرکردنی باری دەروونی و جەستەیی لەناو زینداندا ماوەتەوە و بنەماڵەکەشی لەو بابەتە ئاگادارە".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 13622

Your Comment

You are replying to: .
captcha