کوردپرێس- عوسمان کاروانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتوو دەڵێ "ئەم هەنگاوەی عەبادی پەیامێکە بۆ لایەنە سیاسییەکان و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەیامەمان پێدەدات کە هەرێمی کوردستان و شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو بەسرە، نەجەف و کەربەلا وایە و بەو وێنەیە سەیری کوردستان دەکات، واتە دەیەوێت ئەو پەیامە بدات ئەوەی لە رابردوودا کە ئێوە پێشتر هەتانبوو، کۆتایی پێهاتووە ئێستا قۆناخێکی دیکەیە".
بانگەشەی عەبادی لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانییەوە دەستیپێکرد، ئەو شارەی لەوەتەی گۆڕان دروست بووە، دەنگی یەکەمە تێیدا. بۆ ئەم حیزبە کێبرکێی عەبادی هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، چوونکە دەڵێن هەم دەستوورییە هەم ئەوەندە دەنگ ناهێنێت کاریگەریی لەسەر سەنگی کەس هەبێت.
ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەڵێ "کاندیدی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ناتوانێت لە بەسرە و لە عەمارە و لە کوت و نەجەف دەنگ بهێننن یان دەنگێکی ئەوتۆ بهێنن کە لەسەر ئەنجامی دەرچوون و دەرنەچوونی ئەو کاندیدە بێت. هەمان تێز بۆ حەیدەر عەبادی، یان هەر کەسێکی دیکەش بەو شێوەیەیە".
سەرۆکی هاوپەیمانیێتیی نەسر لە پاڵ پەیامە سیاسییەکانی بۆ دەنگدەران کۆبوونەوەی سیاسیشی هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، چوونکە ئێستا بۆ وەرگرتنەوەی جارێکی دیکەی کورسیی سەرۆکوەزیران، چاوی لە پشتگیری و دەنگی هەموو لایەن و پێکهاتەکانە.
چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لەم بارەیەوە دەڵێ "عەبادی دەیەوێت بە رکابەرەکانی خۆی بڵێت ئەوەتا من یەکەم کەسم دەچم لە هەرێمی کوردستان بانگەشە دەکەم، کەواتە من نزیکترم لە ئێوە لەوان، هەروەها دەیەوێت بڵێت لە داهاتوودا من دەبمەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ویستیشیەتی ئەو پەیامە بدات کە هەوڵ دەدەم لاپەڕەیێکی تازە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵبدەمەوە و پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵ بکەینەوە".
هاوپەیمانیێتیی نەسر بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە بە یەک چاو و بێ جیاوازی لە پارێزگاکانی عێراقدا لە کێبڕکێدایە، ئەگەرچی دڵنیایە لە هەرێمی کوردستان دەنگدەر و پشتیوانی کەمە، بەڵام بە هەولێر و دهۆک و سلێمانی 26 بەربژێری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنن.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment