ماكرۆن: فه‌ره‌نسا له‌ رێككه‌وتنى ناووكى له‌گه‌ڵ ئێران ناكشێته‌وه‌

بەشی ئێران/ کوردی- سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، ئيمانوێڵ ماكرۆن رايگه‌ياند، فه‌ره‌نسا له‌ رێككه‌وتنى وڵاتانى پێنج كۆ يه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران پاشه‌كشێ ناكات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ماكرۆن ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، لەو بارەیەوە گوتى: "تا جێگره‌وه‌يێكى پێويست بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بێت، ئێمه‌ پاشه‌كشێى لێ ناكه‌ين".

له‌ ميانه‌ى وته‌يێكيدا كه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانى كۆنگرێسى ئه‌مريكا پێشكه‌شي كرد، ماكرۆن، گوتيشى: "ئامانجمان له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ ئێران هه‌رگيز ده‌ستى نه‌گاته‌ چه‌كى ناووكى, چ له‌ ئێستادا و چ له‌ دواى 10 ساڵى ديكه‌. به‌ڵام ئه‌و سياسه‌ته‌ پێويسته‌ سه‌رنه‌كێشێت بۆ شه‌ڕ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا و پێويسته‌ سه‌روه‌ریى وڵاتان بپارێزرێت به‌ ئێرانيشه‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتى: "بانگه‌وازمان ئه‌وه‌يه‌ هه‌ڵه‌كانى رابردوو دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. خۆشمان نامانه‌وێت شه‌ڕى نوێ بێنه‌ ئاراوه‌".

ناوبراو روونيشي كرده‌وه‌، "راسته‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌موو ترس و نيگه‌رانى و پرسه‌كانمان وه‌ڵام ناداته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئێمه‌ ناتوانين ده‌ستبه‌ردارى بين، تا جێگره‌وه‌يێكى نه‌بێت كه‌ چاره‌سه‌رى كاكڵه‌ى پرسه‌كه‌ بكات. هه‌ربۆيه‌ ئێمه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ناكشێينه‌وه‌".

ماکرۆن ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، هه‌ر جێگره‌وه‌يێك بێته‌ ئاراوه‌ پێويسته‌ ره‌چاوى چوار خاڵى سه‌ره‌كى بكات. ئه‌وانيش چاره‌سه‌رى ره‌وشى دواى 2025 بكات. پارێزگارى له‌ كاكڵه‌ى رێككه‌وتنى ئێستا بكات. هه‌ژموونى ئێران له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست سنووردار بكات. چاودێریی پرۆگرامى مووشه‌كى باليستیى ئێران بكات.

كۆمارى ئيسلامى ئێران دواى زياتر له‌ 12 ساڵ دانووستانى به‌رده‌وام له‌ 14ى ته‌مموز/ يۆليۆى 2015، رێككه‌وتنى ناووكى له‌گه‌ڵ وڵاتانى (5+1) واته‌ (رووسيا، چين، فه‌ره‌نسا، ئه‌مريكا، به‌ريتانيا+ ئه‌ڵمانيا) واژوو كرد.

News Code 13597

Your Comment

You are replying to: .
captcha