کوردپرێس- ئامانجی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە سەردانەکەی بانگەشە کردنە بۆ لیستەکەی خۆی لە هەڵبژرادندا و لە هۆتێل گراندملینیۆمی سلێمانی بەشداری رێوڕەسمی ناساندنی بەربژێرەکانی هاوپەیمانێتییەکەی کرد و، چەند چالاکییەکیش بەڕێوە چوو.
حەیدەر عەبادی، لە گوتارێکدا لەبارەی سەردانەکەی بۆ سلێمانی گوتی "ئەمڕۆ هاتووینە ئێرە تاوەکوو ستایشی شاری سلێمانی بکەین، پشتیوان بەخوا سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەکەین". گوتیشی "ئەگەر یەکگرتوو بین دەتوانین عێراق بەرەوە پێشەوە بەرین، ئێمە پابەندین بە دەستوور و سیستمی دیموکراسی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لەبارەی بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش، عەبادی رایگەیاند "هێزەکانی پێشمەرگە شان بە شانی هێزە عێراقییەکان جەنگین، بەڕاستی پاڵەوانن، پێویستە ئێمە کۆ ببینەوە، چوونکە دووژمنمان یەکە و پێکەوە لە هەموو شتێک هاوبەش بووین".
لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیێک كورد لەنێو لیستە عەرەبییەكاندا جێگای خۆیان كردووەتەوە، ئەوەش وای كردووە لیستە عەرەبییەكان لەم رێگایەوە دەرگا بكەنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و، لەڕێگەی كاندیدانی كوردەوە هەوڵی بەدەست هێنانی دەنگی كورد دەدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، 26 كاندیدی لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان هەیە، 9 كاندید لە پارێزگای هەولێر، 10ی دیكە لە پارێزگای سلێمانی و 6 كاندیدیش لە پارێزگای دهۆكن.
Your Comment