کەنەدا چاوەڕێیە بەغدا مۆڵەتی ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان دەربکات

بەشی جیهان- بەرپرسانی دەوڵەتی کەنەدا دەڵێن: جیهازاتی سەربازییان بەبەهای 7 ملیۆن دۆلار هەمار کردووە ئەوەش بەو بۆنەوە کە هێشتا چاوەڕێی دەرکردنی مۆڵەتن لە لایەن بەغداوە تاکوو ئەو چەک و جیهازاتە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەتی کەنەدا کە پاش ساڵی 2014 و هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ژمارەیێک ڕاوێژکاری سەربازییان بۆ هەولێر ناردووە بە مەبەستی مەشق کردن بە پێشمەرگە، بڕیاریان داوە چەک و جیهازاتی سەربازیش بۆ هەرێم بنێرێت.

دەوڵەتی کەنەدا جیهازاتی سەربازیی و ناسەربازیی کە بریتی بوون لە پێداویستیی پزیشکی و بەرگری بە بەهای 20 ملیۆن دۆلار ئامادە کردووە کە پاش مۆڵەتی بەغدا ڕادەستی پێشمەرگەیان بکات.

پاتریشا بورنل، بەرپرسی پێوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی کەنەدا بە ماڵپەڕی میدل ئیست ئەی-ی وتووە ئاڵوگۆڕەکانی عێراق کاری کردووەتە سەر هەناردنی ئەو جیهازاتەوە و دەوڵەتی کەنەدا ئێستا خەریکی تاوتوێی ئیمکانی ناردنی ئەو جیهازاتەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

ناوبراو زیادی کرد دەوڵەتی کەنەدا هێشتاکە کاتێکی بۆ هەناردنی ئەو جیهازاتە دیاری نەکردووە، ئەو جیهازاتە بریتین لە جیهازاتی سەربازی بەبەهای 7.5 ملیۆن دۆلار و جیهازاتی ناسەربازی کە بریتین لە پێداویستیی پزیشکی و بەرگری بە بەهای 12.2 ملیۆن دۆلار.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13585

Your Comment

You are replying to: .
captcha