به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی له به‌شداری کردن له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا ده‌ستخۆشى و پێشوازیی گه‌رمی له‌و بڕیاره کرد و به هه‌نگاوێكى گرنگ و به‌نرخی له قه‌ڵه‌م دا و هیوای خواست پڕۆژه‌که به سه‌ركه‌وتوویی و له كاتى دیاریكراوى خۆیدا ته‌واو ببێت.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وته‌یێكى پێشکه‌ش کرد و تیایدا بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌ى كونسووڵخانه‌ى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر -كه یه‌كه‌م كونسووڵخانه‌یه باڵه‌خانه‌ى تایبه‌تى خۆى له هه‌ولێر دروست ده‌كات- به نیشانه‌ى بڕوا و متمانه‌ى ئه‌مه‌ریكا به ئێستا و ئاینده‌ى گه‌شى هه‌رێمى كوردستان وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت: "ئه‌وه ده‌رخه‌رى خواست و ئاره‌زووى ئه‌مه‌ریكایه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییانه‌ى که هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ عێراقى فیدڕاڵ‌دا."
سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به مێژووی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئه‌مه‌ریکا کرد و گوتى: "په‌یوه‌ندییه‌كانى ویلایه‌ته یه‌كگرتوووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندیى تازه نین و چه‌ند قۆناغێكیان ده‌رباز كردووه و له‌و باره‌یه‌وه ڕاپه‌ڕینى ساڵی (١٩٩١)ی گه‌لى كوردستانی به‌بیر هێنایه‌وه که ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پاراستنى گه‌لى كوردستان له ڕیزى پێشه‌وه‌ى دروست كردنى ناوچه‌ى ئارام بوو و بوووه هۆی پاراستنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له‌و کاته‌دا."
ناوبراو دووپاتیشی كرده‌وه كه تا قۆناغى ڕووخاندنى ڕ‌ژێمى به‌عس و شه‌ڕى دژى داعش و شكاندنی، ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیى باشى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌بوووه و بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى یارمه‌تى داوه و پشتگیریی هه‌رێمی کوردستانی كردوووه هه‌ر بۆیه بارزانی دروست کردنی كۆمه‌ڵگه‌یێكی تازه‌ى بۆ كونسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له هه‌ولێر بۆ به‌رده‌وامیى كاروانى ئه‌و پێوه‌ندییانه گه‌ڕانده‌وه و هیوای خواست ببێته هاوبه‌شییێكى گرنگ، ستراتیژى و درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان.
سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به پاڵپشتییه به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌رێمی کوردستان گوتی: "گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به ڕێزه‌وه له په‌یوه‌ندى و هاوكارى و پشتگیرییه سیاسى و سه‌ربازى و مرۆیییه‌كانى ویلایه‌ته یه‌كگرتوووه‌كانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڕوانن و به بایه‌خه‌وه خوازیارى ئه‌وه‌ن له بوارى سیاسى، ئابوورى، بازرگانى، زانستى، كولتوورى و هه‌موو بواره‌كانى دیكه‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش په‌یوه‌ندیى تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌بێت وه‌ک چۆن له هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه تاكوو به هه‌مان شێوه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه و جیهاندا هه‌بێت."
نێچیرڤان بارزانی له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌كه‌یدا وێڕای جه‌خت کردنه‌وه له بوونی هاوبه‌شیی گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و جیهانى پیشكه‌وتوو بڕوای گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى به به‌هاكانى ئازادى، دیموكراسى، مافه‌كانى مرۆڤ، فره‌یى، كرانه‌وه، پێكه‌وه‌ژیان، پێگه‌یاندن و په‌ره‌پێدانى تواناكانى ژنان و گه‌نجان، بازاڕى ئازاد و هه‌موو ئه‌و به‌ها و بنه‌مایانه دووپات کرده‌وه كه جیهانی پێشكه‌وتووى ڕۆژئاواى له‌سه‌ر بنیات نراوه و كاریان بۆ ده‌كات به شێوه‌یێک که پێشمه‌رگه له به‌ره‌ى جیهانی پێشكه‌وتوودا له‌گه‌ڵ سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى شه‌ڕى تیرۆری كرد و پێكه‌وه به‌رگرییان له‌و به‌هایانه كرد.
سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ی به ده‌رفه‌ت زانی كه سوپاس و ده‌ستخۆشى له باڵیۆز و كونسووڵه‌كانی پێشوو و ئێستاى ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و هه‌ولێر بكات بۆ گرنگیدان و كارى باش و ماندوو بوونیان له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و هه‌روه‌ها سوپاسى تیمه سه‌ربازییه‌كان و USAID و هه‌موو ئه‌و ئاژانس و ڕێكخراوه ئه‌مریكییانه‌ی کرد كه له هه‌ر بوارێكدا له هه‌رێمى كوردستان كار و خزمه‌تیان كردووه و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و چاومان له په‌یوه‌ندیى باشتر و تۆكمه‌تر، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیى زیاترى نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى كوردستانه."
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له کۆتایی وته‌كه‌یدا هیوای خواست هه‌موو وڵاتانى دیكه‌ى دراوسێ، ناوچه‌كه و جیهان به هه‌مان شێوه‌ى ئه‌مه‌ریكا، باڵه‌خانه و كۆمه‌ڵگه‌ى نوێنه‌رایه‌تیى دیپلۆماسیى خۆیان له هه‌رێمى كوردستان دروست بكه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ى عێراقى فیدراڵ‌دا خواستى په‌یوه‌ندیى باش، هه‌ماهه‌نگى، هاوكارى و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌موویان هه‌یه.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment