بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕەسووڵ خزری نوێنەری خەڵکی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕلەمانی ئێران لەو بارەیەوە بە میدیاکانی ئێرانی وتووە سەرەڕای ئەوەی نامەیێکمان بە 200 واژۆی پەڕلەمانتارانەوە ئاراستەی پەڕلەمان کراوە بەڵام تا ئێستا بە کرداری بۆ سامان پێدانی کێشەی کۆڵبەرەکان و کرانەوە مەرزەکان هیچ نەکراوە.
ناوبراو زیادی کرد: دەبوو 15 دەزگای پێوەندیدار و جێبەجێکار ڕاپۆرتی خۆیان لە سەر کۆڵبەر و مەرزەکان پێشکەش کردبا بەڵام تا ئێستا 9 دەزگای ئیدارەی ڕاپۆرتەکانیان تەواو کردووە و دەبێت 6 دەزگا ئیدارییەکەی دیکەش ڕاپۆرتەکانیان بۆ پەڕلەمان بەرز بکەنەوە و پڕۆژە یان یاسایێک لەو بارەیەوە تێپەڕێندرێت.
ئەو ئەندامەی کۆتلەی کۆمەڵایەتیی پەڕلەمانی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو کە دەوڵەت دەتوانێت لە ڕسووماتی گومروک و هاوردە کردنی کاڵا داشکاندنی زیاتر بۆ خەڵکی دانیشتویی سنوورەکان بکات بۆ ئەوەی بەشێک لە کێشەکە چارەسەر بکرێت.
شیاوی ئاماژەیە مەرزە لاوەکییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چەندین ڕۆژە داخراوە و خەڵکی دانیشتووی مەرزەکان کە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەگرێتەوە ماوەی چەندین ڕۆژ مانیان گرتبوو و دووکان و بازاڕەکانیان داخستبوو و داوای کرانەوەی ئەو مەرزانە و داشکاندنی ڕسووماتی هاوردە کردنی کاڵا دەکەن.
هەر لەو بارەیەوە وەزیری ناوخۆی ئێران ڕۆژی ڕابردوو فەرمانی بە پارێزگارەکان کرد لە ماوەی کەمتر لە یەک حەفتەدا کێشەی مەرزەکان چارە بکەن و بەهمەن مورادنیا پارێزگاری سنە وتوویەتی تا سێ ڕۆژی داهاتوو تەگبیرێک بۆ کێشەی سنوورەکان دەکرێت.
Your Comment