چاوەڕوانین میدیا و میدیاکاران ببنە پردى نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان کرد و تێیدا دەڵێت: چاوەڕوانین میدیا و میدیاکاران ببنە پردى نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، لە پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیران هاتووە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و شارستانیانەیە بۆ کاری رۆژنامه‌وانى بەپێی پرەنسیپەکانی ئازادیی بیروڕا. چاوەڕوانیشی لە دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستان هه‌یه وێڕای رۆڵی کاریگەریان لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگا و بڵاو کردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی، رۆڵێکی کاریگەر لە هاوکاری کردنی دەزگا حکوومییەکان بگێڕن لە میانەی چاودێری کردن و بەدواداچوونی کار و پڕۆژە جیاجیاکانەوە و ببنە پردى نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی، مایەی شانازییە لە هەرێمی کوردستاندا دەیان دەزگای رۆژنامه‌وانى و میدیایى بە جیاوازیی بیروڕا و پەیامی سیاسییەوە لە کەشێکی ئازاددا کار دەکەن، هاتووە: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەشێکی ئازاد و ئارام رەخسێندراوە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق کە خوازیارین لە کەشێکی مەدەنیانەی دروست و سەقامگیردا بەڕێوە بچێت، لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستانیش داواکارین رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێشکەش کردنی ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی کە شایانی ناو و ناوبانگی کوردستان و مێژووی خەبات و قوربانییه‌كانى بێت".

دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

لە سەد و بیستەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، پیرۆزباییێکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان دەکەین، هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە کاری پیشەییانە و گەیاندنی پەیامی دروست و نیشتیمانیانەدا بۆ خزمەت كردنی زیاتر بە کۆمەڵگا، داکۆکی کردنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش لە ماف و خواستەکانی ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان بەرز دەنرخێنین.

مایەی شانازییە لە هەرێمی کوردستاندا دەیان دەزگای ڕۆژنامه‌وانى و میدیایى بە جیاوازیی بیروڕا و پەیامی سیاسییەوە لە کەشێکی ئازاددا کار دەکەن. ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان لە ڕێگەی پێڕەوکردنی میتۆدێکی دروستی پیشەییانە و مەدەنییانەی متمانەدار و دوورکەوتنەوە لە هەر کردە و ڕەفتارێک زیان بە شکۆ و ناوبانگی میدیای کوردی و ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵگا بگەیێنێت، دەتوانن ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئەم ئازادییەی کە مافی خۆیانە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و شارستانیانەیە بۆ کاری ڕۆژنامه‌وانى بەپێی پرەنسیپەکانی ئازادیی بیروڕا. لەگەڵ پاراستنی هەموو ئەو مافانەی وەک دەسەڵاتی چوارەم بە میدیا ڕەوا بینراوە، هاوکات چاوەڕوانیشی لە دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستان هه‌یه وێڕای ڕۆڵی کاریگەریان لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی، ڕۆڵێکی کاریگەر لە هاوکاری کردنی دەزگا حکوومییەکان بگێڕن لە میانەی چاودێری کردن و بەدواداچوونی کار و پرۆژە جیاجیاکانەوە و ببنە پردى نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەشێکی ئازاد و ئارام ڕەخسێنراوە بۆ ئەنجام دانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق کە خوازیارین لە کەشێکی مەدەنییانەی دروست و سەقامگیردا بەڕێوە بچێت، لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستانیش داواکارین ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێشکەش کردنی ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی کە شایانی ناو و ناوبانگی کوردستان و مێژووی خەبات و قوربانییه‌كانى بێت.

لەم یادەدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەو ڕۆژنامه‌نووس و میدیاکارانەی کوردستان دەنێرین کە لە بەرەکانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لەپێناو گەیاندنی زانیاری و ڕاستیدا گیانیان بەخشی، لەگەڵ ڕێز و پێزانینمان بۆ سەرجەم ئەو دەزگا میدییانەی لەو ئەرکە نیشتیمانیەدا ڕۆڵی خۆیان بینیوە. بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەسەر دەستی ڕه‌وانشاد مامۆستا (میقداد مەدحەت بەدرخان).

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 13500

Your Comment

You are replying to: .
captcha