به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە دەستکاری بڕی پاشەکەوتی مووچەی یەکەی پاسەوانی بکات، بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکەش مانگانە بڕی دوو ملیار دینار دابین دەکات.
رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22ی نیسان بە تۆڕی میدیاییی ڕووداوی راگەیاند: بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی مانگانە بڕی دوو ملیار دینار بۆ بودجەی وەزارەتی ناوخۆ زیاد کرا، بەمەبەستی باش کردن و دەستکاری کردنی بڕی پاشەکەوتی مووچەی پاسەوانان.
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردوووە کە له ماوه‌ی رابردوودا ئەوان بۆ پێداچوونه‌وه به مووچه‌ی یه‌که‌ی پاسه‌وانی داواكارییان پێشكه‌شی سه‌رۆك وەزیران كردوووە، بە وردی و جیددیش له‌گه‌ڵ وه‌زارتەکانی ناوخۆ و دارایی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هەوڵیان داوە.
فراکسیۆنی پارتی سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ دەرکردنی بڕیارەکە و هه‌وڵ و ماندووبوونی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش بەرز دەنرخێنێت. هاونیشتمانیان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش دڵنیا ده‌كاتەوە كه له هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی گشت مافه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بین.
کۆتاییی مانگی ڕابردوو کاتێک بڕی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی کەم کرایەوە، دەستکاری مووچەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە نەکرا، بەڵام وەزارەتی دارایی بڕیاری دا مانگانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە 12 ملیار دینار و بۆ وەزارەتی ناوخۆش 10 ملیار دینار زیاد بکات، وەزارەتەکانیشی سەرپشک کرد چۆن دەستکاری مووچەی مووچەخۆرەکانیان بکەن. ئەم بڕیارە پاسەوانانی نەگرتەوە کە بڕی 60%ی مووچەکەیان پاشەکەوت دەکرێت، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە.
بەپێی سیستەمی نوێی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی کە تەنیا پلەباڵاكان ناگرێتەوە، پاشەكەوتی مووچە لە نێوان 10% بۆ 30% دەبێت. بەهۆی قەیرانی دارایییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016وە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوت كردنی مووچە فەرمانبەران دەکات، بەڵام پاشەكەوت تاوەکو کۆتاییی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەكانی نەگرتەوە.
دەقی راگەیێندراوە:
له ماوه‌ی رابردوودا ئێمه له فراکسیۆنی پارتی بۆ پێداچوونه‌وه به مووچه‌ی یه‌که‌ی پاسه‌وانی داواكاریمان پێشكه‌ش به رێزدار سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كرد و به وردی و جدی له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان له وه‌زارتی ناوخۆ و دارایی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له له‌سه‌ر خه‌ت بووین.
به خۆشحالیه‌وه به فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیران نێچیرڤان بارزانی، مانگانە فه‌رمانی زیادكردنی بڕی دوو ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆ بە مەبەستی باش کردن و دەستکاری کردنی بڕی پاشەکەوتی مووچەی پاسەوانان ده‌رچوو.
لێره‌دا وه‌كوو فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراسته‌ی رێزدار سه‌رۆک وه‌زیران ده‌كه‌ین و هه‌روه‌ها هه‌ول و ماندووبوونی به‌رێزان له وه‌زارتی ناوخۆ و دارایی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه به‌رز ده‌نرخێنین. هاووڵاتییان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش دڵنیا ده‌كه‌ین كه له هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی گشت مافه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بین.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment