له‌ شارێكی كوردستان به‌شێوه‌ی خۆبه‌خشانه‌ كتێب بۆ قوتابخانه‌كان كۆ ده‌كرێته‌وه‌

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- له‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، گرووپی خۆبه‌خشانی كه‌لار كە گرووپێكی گه‌نجانن و كار بۆ به‌كولتووركردنی خوێندنه‌وه‌ و به‌ڕۆشنبیر كردنی كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ تا كۆتاییی ئه‌م مانگه‌ ده‌ستیان كردۆته‌ كۆكردنه‌وه‌ی كتێب بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و به‌كولتووركردنی خوێندنه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی زنجیره‌ كۆڕێكه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌رزان فه‌ره‌ج، سه‌رپه‌رشتیاری گرووپی خۆبه‌خشانی كه‌لار، به‌(باسنیوز)ی راگه‌یاند: ئه‌گه‌رچی 23ی نیسانی هه‌موو ساڵێک به‌ رۆژی جیهانیی كتێب دیاری كراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ رۆژی 21ی مانگه‌وه‌، وه‌كوو گرووپی خۆبه‌خشانی كه‌لار هه‌موو ساڵێک هه‌ستاوین به‌ كۆكردنه‌وه‌ی كتێب بۆ كتێبخانه‌ی قوتابخانه‌كان، ئه‌مساڵیش هه‌مان چالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

گوتیشی: "به‌ده‌ر له‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی كتێب له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ستمان كردوه‌ به‌ سازدانی زنجیره‌ كۆڕێک بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یێک، رۆژانه‌ له‌ كاتژمێر 4ی پاش نیوه‌ڕۆ له‌ یانه‌ی رۆشنبیریی كه‌لار ده‌بێ و تایبه‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ و گرنگیی خوێندنه‌وه‌ و هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چۆنێتیی به‌كولتووركردنی خوێندنه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، كتێبخانه‌ی قوتابخانه‌كان كه‌مترین كتێبخانه‌یان تێدایه‌، بۆیه‌ ده‌بێ قوتابخانه‌كان پڕ بكرێن له‌ كتێب.

سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و گرووپه‌ باسی له‌وه‌ كرد، ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵه‌كانی تر، چالاكییه‌كانیان چڕ كردۆته‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئاشت كردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و كتێب، بۆیه‌ چالاكییه‌كانیان 11 رۆژ ده‌خایێنێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 13495

Your Comment

You are replying to: .
captcha