بەپێی هەواڵی کوردپرێس حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە لێدوانێکی لە دانیشتنی مودیرعامەکان و بەڕێوەبەرانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران وتوویەتی بەڕێوەبەران و مودیرعامەکان بوێرانە و بە بڕشتەوە ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن و ئەوەی لە ناوچاو ترشاندنی ئەم و ئەو دەترسێت با بکشێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران زیادی کرد: خزمەت کردنی گەل سەوابی زیاترە لە دۆعا کردن و قورعان حوێندن و نوێژی موستەحەب کردنیش.
ڕۆحانی گوتیشی: دەبێت هەموان ئەوە تێبگەن کە ئێمە بەس نۆکەری گەلین و ئەوەی خۆی لە خزمەتکار و نۆکەری گەل بە زیاتر دەزانێت دیارە لە مانای حکوومەتی ئیسلامی تێنەگەشتووە. هەربۆیەش ئەگەر مودیر یا بەڕێوەبەرێکی بەشێکی ئیداریی ژێر فەرمانی ئێوە خۆی بە نۆکەر و خزمەتکاری گەل نەزانێت ئەوا شایستەی ئەو کورسی و پۆستە نییە.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕەخنەی توندی لە بەڕێوەبەرانی باڵا و مودیرعامەکان گرت و وتی نازانم مودیرعامەکانمان لە چی یان لە کێ دەترسن وا قسە لەگەڵ خەڵکی ناکەن. هەموو بەڕێوەبەرێکی باڵا و هەموو مودیرعامەکان بزانن بەگوێرەی دەستوور و شەرعیش بێت خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی خۆیانن و دەبێت بە بڕشتەوە ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن و ئەگەر لە ناوچاو ترشاندنی ئەم و ئەو دەترسن با بکشێنەوە.
ڕۆحانی گوتیشی ئەەوەی بە تەلەفونێک یان ناوچاو گرژ کردنی کەسێک دەترسێت و پاشەکشێ دەکات دیارە شایستەی ئەوە نییە کە لەو پۆست و کورسییەدا بمێنێتەوە هیچ جیاوازییشی نیە ئەو کەسە کێ بێت.
شیاوی ئاماژەیە دانیشتنی مودیرعامەکان و بەڕێوەبەرانی باڵای ئێران سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە ئامادە بوونی سەرۆک کۆماری ئێران لە هۆڵی کۆبوونەوەی لووتکەی ئیسلامی بەڕێوە چوو و تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکەیش پرسی دراو و مەسەلەی ئابووری ئێران بوو.
سەرچاوە: ئیرنا
Your Comment