بهپێی ههواڵی کوردپرێس، هەڤاڵ خەبات، لێپرسراوی ئاسایشی ئێزیدخان کە نزیکەی هەزار شەڕەڤانیان هەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: چەند جارێک داوایان لە حکوومەتی عێراق کردوووە شەڕڤانەکانیان بۆ بخەنە سەر وەزارەتی بەرگری، بۆ ئەو مەبەستەش داواکاری فەرمییان پێشکەش کردوووە.
پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ هەزار شەڕڤانی سەر بە یەبەشە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە مووچەیان بۆ دابین دەکرا، بەڵام نزیکەی ساڵێکە مووچەکەیان ڕاگیراوە، بە گوتەی لێپرسراوی ئاسایشی ئێزیدخان، لە هەوڵدان ئەو هەزار شەڕڤانە لەگەڵ هەزار شەڕڤانەکەی ئاسایشی ئێزیدخان بەفەرمی بخرێنەوە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
ئەو هەوڵانە دوای ئەوە دێن کە بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 500 شەڕڤانی سەر بە پەکەکە لە ئەنجومەنی ئاوەدان کردنەوەی شنگال و حیزبی پادێ بە فەرمی خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، دوو کاندیدیشیان لە خەڵکی شەنگال بۆ پەرلەمانی عێراق هەن.
هاوکات مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کاتێک بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی (چوارشەممەی سوور) سەردانی شنگالی کرد، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: "حەیدەر عەبادی ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر تێكەڵ كردنی گرووپە چەكدارە ئێزدییەكانی شنگال لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی".
مانگی سێی ئەمساڵ پارتی كرێكارانی كوردستان- پەکەکە رازی بوو گەریلاكانی لە شنگال بكشێنێتەوە بەو مەرجەی ئەو هێزانەی لە دانیشتووانی ناوچەكە دروستی كردوون، بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
پەکەکە لە دوای پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014، لە سنووری کوردستانی سووریا هاتە ناوچەی شنگال، سەرەتا تەنیا 50 گەریلا بوون، بەڵام دواتر ژمارەی هێزەكانیان زیاد كرد، پاشان چەند هێزێكیان لە خەڵكی شنگال دروست كرد، لەوانەش یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و یەكینەكانی بەرخودانی ژنانی شنگال (یەبەژە)، ئاسایشی پاراستنی ئێزیدخان و هێزی دژەتیرۆر كە بە سەرجەمیان سێ هەزار چەكدار دەبن، هەر یەک لەو هێزانەش ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەیە.
لە دوای هاتنی پەكەكە بۆ شنگال، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چەندین كەناڵی جیاجیا داوای لە پەكەكە كرد لەو ناوچانە بكشێنەوە، بەڵام پەكەكە نەک هەر نەكشایەوە، بەڵكوو بەهێز وەڵامی پێشمەرگەی دایەوە، كاتێک لە هاوینی 2016 ویستیان بچنە چەند ناوچەیێكی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە، بەڵام ئەمساڵ پەكەكە لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوت و شنگالی جێهێشت، کشانەوەی پەکەکەش لە شنگال هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هێرش کردنە سەر قەندیل و شنگال.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment