بهپێی ههواڵی کوردپرێس، هەر یەک لە ئاکپارتی و مەهەپە پڕۆژەبڕیارێکیان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار لە 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، پڕۆژەبڕیارەکە 20ی نیسانی 2018 خرایە دەنگدانەوە و بە 386 دەنگ پەسند کرا.
سەرباری ئەوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئامادەباشیی خۆیان بۆ هەڵبژاردن نیشان داوە، بەڵام تێبینییان لەسەر ئاکپارتی هەیە، بەوەی پێشتر پێشخستنی رێککەوتی هەڵبژاردنی بە تاوان دژ بە گەل لە قەڵەم دەدا، کەچی ئێستا خۆی ئەم کارە دەکات.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا رۆژی 18-4-2018 بڕیاری دا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە تورکیا بەڕێوە بچێت، واتا ساڵێک و نیو وادەی ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پێشخست.
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی دارایی 2018ی تورکیا، لە خەزێنەی دەوڵەت بڕی 135 ملیۆن و 755 هەزار دۆلار بۆ بودجەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا (ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە و هەدەپە) تەرخان کراوە، بڕی پارەکەش بەپێی ئاستی دەنگەکان دابەش دەکرێت، کە زۆرترینی بۆ ئاکپارتی و کەمترین بڕەپارەش بە هەدەپە دەدرێت.
بەپێی یاساکە و بڕە بودجە تەرخان کراوەکە، ئاکپارتی 68 ملیۆن و 944 هەزار دۆلار، جەهەپە 35 ملیۆن و 265 هەزار و 600 دۆلار، مەهەپە 16 ملیۆن و 566 هەزار و 400 دۆلار و هەدەپەش 14 ملیۆن و 979 هەزار و 200 دۆلار وەردەگرێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment