پارێزگاری پێشووی که‌رکووک گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارێزگاری له‌کارلادراوی که‌رکووک ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌رکووک یاری به‌ هه‌ستی خه‌ڵک ده‌که‌ن. ئه‌مریکییه‌کان ده‌یانه‌وێت بزانن له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر چی ڕووی دا و ڕاستییه‌كه‌ی چۆن بوووه.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری له‌کارلادراوی که‌رکووک ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یێکه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌مریكا و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی تۆڕی میدیاییی ڕووداو سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئه‌مریکا و ده‌نگۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان ڕای‌گه‌یاند: ته‌نیا بۆ سه‌ردان هاتووم‌ و به‌ زووترین كات ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كوردستان، ئه‌و قسانه‌ هه‌مووی پڕوپاگه‌نده‌یه‌. من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان و له‌ چه‌ند ڕۆژێكی دیكه‌شدا نه‌ک دره‌نگ.

له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ واشنتۆن له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک به‌رپرسی ئیداره‌ی ئه‌مریكا دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌. به‌شی زۆری ئه‌و دیدارانه‌ تایبه‌ت بوون به‌ باس كردن له‌ ورده‌كاریی ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو و پارێزگاری له‌کارلادراوی كه‌ركووک له‌باره‌ی دیدار و سه‌ردانه‌کانی ده‌ڵێت: "ئه‌مریکییه‌کان ده‌یانه‌وێت بزانن له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر چی ڕووی دا و ڕاستییه‌كه‌ی چۆن بوووه‌ هه‌ر بۆیه‌ داواكاری بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا زۆر بوووه".

نه‌جمه‌دین كه‌ریم سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگای كه‌ركووک قسه‌كانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوتبووی ڕێککه‌وتنێک نییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ شاری كه‌ركووک و گوتی: هیچ ڕێکكه‌وتنێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک نییه‌.

پارێزگاری له‌کارلادراوی که‌رکووک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌ داوای له‌و لایه‌نانه‌ کرد که‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ که‌رکووک ده‌که‌ن بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ شاره‌كه‌ نه‌كه‌ن و خۆیان دوور بگرن له‌ یاری كردن به‌ هه‌ستی خه‌ڵک.

نه‌جمه‌دین که‌ریم گوتی: "ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕیاریان داوه‌ به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن له‌ كه‌ركووک نابێت به‌ سۆزی خه‌ڵک یاریی بكه‌ن كه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یان پێ قبوڵ بوایه‌ نه‌ده‌هاتن ئه‌م كاره‌ بكه‌ن".

شایانی باسه‌؛ نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ مانگی نیسانی ساڵی 2011وه‌ تا ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 که‌ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیان به ‌سه‌ر که‌رکووک و ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان گرت، پارێزگاری كه‌ركووک بوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13389

Your Comment

You are replying to: .
captcha