بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەعید جەلیلی نوێنەری ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بە سەردانێک هاتبووە بانە و مەریوان و لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە دیداری کرد کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەهۆی داخرانی مەرزە لاوەکییەکانەوە مانیان گرتووە و دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.
جەلیلی لەو دیدارەدا تیشکی خستە سەر فەرمانی ڕێبەری باڵای ئێران سەبارەت بە گرینگی دان بە بەرهەمی ناوخۆ و وتی ئێمە بڕوامان وایە دەبێت گەنجەکانی دوو شاری مەریوان و بانە ببنە باشترین هەناردەکارانی ناوچەکە و دەروازە سنوورییەکانی ئەو دوو شارە بکرێنە باشترین دەروازەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ناوبراو کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشە زیادی کرد: پێویستە گەنجەکانی ئەم ناوچەیە دەرفەتەکان نەفەوتێنن و لە هەموو دەرفەتێکی کار لە چوار کەرتی گەشتیاری، وەرزێری، پیشەیی و بازرگانی کەڵک وەربگرن خۆیان دەستپێشخەر و داهێنەر بن.
هاوکات ئەندامێکی ئەنجومەنی شاری بانە تیشکی خستە سەر پێوەندیی نێوان کوردستان ئێران و هەرێمی کوردستان و وتی دیارە بە ئاوڕدانەوە لەو پێوەندییە قووڵ و نزیکە، کردنەوەی مەرزەکان زۆر ئاسان دەبێت.
هیوا بڵند ئەندامی ئەنجومەنی ئیداریی شاری بانە ئاماژەی بە ئابووری ناپاوەجێی شارەکە کرد و وتی سەرەڕای ئەوەی ئاسایش و هێمنیی ئەو خاڵە سنوورییە ڕەوتێکی سەقامگیر بەخۆوە دەبینێت بەڵام بەداخەوە باری ئابووریی ناوچەکە لەبار نییە بۆیە داوای کرد ئاوڕ لە کێشەی ئەو ناوچە سنوورییە بدرێتەوە کێشەی مەرز و کۆڵبەرەکان تەگبیرێکی بۆ بکرێت.
شیاوی ئاماژەیە سەعید جەلیلی هەر لەو سەردانەیدا مەرزی سەیرانبەندیشی بە سەر کردەوە و خەڵکی ناڕازی گوێیان لە قسەکانی ناوبراو گرت و هەواڵ یان مژدەیێکی دڵخۆشکەر لە سەر کرانەوەی مەرزەکان لەو دیدارەدا دەست نەکەوت.
Your Comment