نوێنه‌ری سه‌قز و بانه‌ له‌ په‌ڕله‌مان ڕه‌خنه‌ی توند له‌ سه‌رۆک کۆماری ئێران ده‌گرێت

به‌شی ئێران/ کوردی- موحسن بیگله‌ری سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ له‌ دانیشتنێکی په‌رله‌مانی ئێراندا به‌ بۆنه‌ی داخرانی مه‌رزه‌ لاوه‌کییه‌کان ڕه‌خنه‌ی له‌ ده‌وڵه‌ت گرت و داوای له‌ سه‌رۆک کۆماری ئێران کرد ئه‌و سنوورانه‌ بکرێنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، موحسن بیگله‌ری نوێنه‌ری خه‌ڵکی بانه‌ و سه‌قز له‌ په‌رله‌مانی ئێران به‌ بۆنه‌ی داخرانی مه‌رزه‌کانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌یێکی به‌ گوێی سه‌رۆک کۆماردا هێنا و ڕای‌گه‌یاند: بڕیاری داخرانی ئه‌و سنوورانه‌ پسپۆڕانه‌ نییه‌ و ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ بکرێنه‌وه‌.

موحسن بیگله‌ری له‌ لێدوانه‌که‌یدا گوتوویه‌تی: کامه‌ ئاماده‌کاری و ئاسانکاریتان بۆ سنوورنشینه‌کان کردوووه‌ که‌ بڕیاری داخرانی مه‌رزه‌ لاوه‌کییه‌کان ده‌ده‌ن؟ کامه‌ کارخانه‌ له‌و ناوچانه‌ چێ کراوه‌ یان کام هه‌لی کار ڕه‌خساوه‌؟

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌ زیادی کرد: داخرانی سنووره‌کان له‌ هه‌ر سێ پارێزگای ئازه‌ربایجان و کوردستان و کرماشان لێکه‌وته‌ی خراپی له‌سه‌ر بژێوی ژیانی دانیشتوانی ئه‌و سێ پارێزگا کوردنشینه‌ بوووه‌ و زۆرینه‌ی کاسبکاران و کوڵبه‌رانی ئه‌و سنوورانه‌ ده‌رچوانی زانکۆ و په‌یمانگاکانن که‌ له‌ ڕووی ناچارییه‌وه‌ ڕوویان کردۆته‌ کوڵبه‌ری.

ناوبراو ئه‌وه‌شی وه‌بیر هێنایه‌وه‌ ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش که‌ باسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاخی کردبوو به‌ ئاشکرا وتبووی مه‌به‌ستی من قاچاخی سیسته‌ماتیکه‌ نه‌ک ئه‌و چه‌ند کۆڵبه‌ره‌ی له‌ سنووره‌کانه‌وه‌ چه‌ند کیلۆ بار هه‌ڵده‌گرن و بژێوی ژیانی بنه‌ماڵه‌کانیان دابین ده‌که‌ن.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ له‌سه‌ر بڕیاری ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران مه‌رزه‌ لاوه‌کییه‌کانی پیرانشار، بانه‌، مه‌ریوان و جوانڕۆ داخراون و چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌ ئه‌و شاره‌ مه‌رزییانه‌ مانگرتنی دووکانداران و کاسبکاران به‌رده‌وامه‌ و خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ داوای کرانه‌وه‌ی مه‌رزه‌کان و داشکاندنی ڕسووماتی گومرگ و هاورده‌ کردنی کاڵا ده‌که‌ن و پسپۆڕانیش پێیان وایه‌ بڕیاری داخرانی ئه‌و مه‌رزانه‌ پێویستی به‌ ئاماده‌کاری کردن و ڕه‌خساندنی هه‌لی کار و دابین کردنی ژێرخانی پێویسته‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13363

Your Comment

You are replying to: .
captcha