کونسووڵی ئێران له‌ هه‌ولێر جه‌خت له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی به‌رپا بوونی سه‌قامگیری له‌ عێراق ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کونسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی به‌رپا بوونی سه‌قامگیری له‌ عێراق کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتی دیموكراتى كوردستان له‌ پیرمام، فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازیى له‌ مورته‌زا عیبادى كونسووڵى گشتیى كونسووڵخانه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ هه‌ولێر و شاندى یاوه‌رى كرد.

له‌ دانیشتنه‌که‌دا سه‌ركونسووڵى كۆمارى ئیسلامیى ئێرانیش له‌ هه‌ولێر به‌ ناوى كونسووڵخانه‌كه‌ و شاندى یاوه‌رییه‌وه‌ سوپاسى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ى كه‌ لێیان كرا و ته‌ئكیدى كرد كه‌ كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدایه‌ سه‌قامگیرى له‌ عێراق به‌رپا بێت و هیواى سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى بۆ هه‌رێمى كوردستان خواست.

لای خۆیه‌وه‌ فازڵ میرانى خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى به‌ سه‌ردانى شاندى میوان و تیشكى خسته‌ سه‌ر ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان به‌ تایبه‌تى و ڕه‌وشى عێراق به‌ گشتى و خۆ ئاماده‌ كردنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق.

له‌م باره‌یه‌وه‌ میرانى دووپاتى كرد كه‌ ده‌بێت هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ ئاستى به‌ڵێنه‌كانى خۆیاندا بن به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ر و له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ ئاستى فكرى و هزركردنى جه‌ماوه‌ر له‌ ئاستێكى به‌رزدایه‌.

میرانى ته‌ئكیدیشی كرد كه‌ پڕۆپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ ئاستێكى زۆر گه‌رمدا ده‌بێت به‌ڵام ده‌بێ هه‌موومان ڕه‌چاوى ئه‌و چه‌نده‌ بكه‌ین که‌ یه‌كتر بریندار نه‌كه‌ین و ئه‌وه‌ له‌ مێشكى ئێمه‌دا بێت كه‌ دواى هه‌ڵبژاردن داده‌نیشین له‌سه‌ر یه‌ک مێز بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق.

میرانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ ده‌بێ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ به‌ جیدى كار بكات له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ناوخۆیییه‌كان و ده‌بێ له‌وه‌ تێبگات كه‌ چاره ‌نه‌كردنى كێشه‌كان ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ ئاقارێكى خراپدا ده‌بات.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13350

Your Comment

You are replying to: .
captcha