بهپێی ههواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنى فەرمیى حکوومەتى سووریا و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى سەر بە حزبوڵاى لوبنانى بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ هێزى بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچى هێرشێکى موشەکییان داوەتەوە کە فڕۆکەخانەى شەعیرات لە حمس و فڕۆکەخانەى زەمیریان لە نزیک دیمەشق کردبوووە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەکرد لە هێرشەکەدا شەش مووشەک ئاراستەى فڕۆکەخانەى شەعیرات و سێ موشەکیش ئاراستەى فڕۆکەخانەى زەمیر کراوە و پێش ئەوەى ئامانجەکانیان بپێکن خراونەتە خوارەوە.
لاى خۆشییەوە ئێریک پاهۆن وتەبێژى وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا رەتی کردەوە وڵاتەکەى هیچ پەیوەندییێکى بە هێرشەکەى ئەمڕۆوە هەبێت و ڕایگەیاند: لە ئێستادا هیچ چالاکییێکى سەربازیى ئەمریکا لەو ناوچەیەدا نییە.
هەر سەبارەت بە هێرشەکە وتەبێژى وەزارەتى بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نییە.
ئەوە لە کاتێکدایە مانگى نیسانى ساڵى ڕابردوو، دواى هێرشە کیمیاییەکەى سەر شارۆچکەى خان شەیخون، فڕۆکەخانەى سەربازیی شەعیرات لە لایەن ئەمریکاوە مووشەک باران کرا.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment