کوردپرێس: ڕۆژی شه‌ممه 25ی خاکه‌لێوه‌ی 1397 ئه‌مریکا به هاوکاریی دوو هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی خۆی واتا به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا زیاتر له 100 مووشه‌کیان به‌ره‌و بنکه‌ی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی سووریا هاویشت. هه‌ندێک که‌س پێیان وابوو که ئه‌و هێرشه ده‌ستپێکی شه‌ڕی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریکا ده‌بێت و مومکینه ببێته شه‌ڕێکی جیهانیی دیکه به‌ڵام ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا هێرشی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی بۆ سه‌ر سووریا به نومایشی وه‌سف ده‌کات و ئه‌و کاره به کارێکی هه‌ماهه‌نگ‌کراو له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌زانێت که کارتێکه‌رییێکی له‌سه‌ر هاوسه‌نگیی هێز له سووریا نابێت.
ئه‌و کارناسه ڕووسه له‌باره‌ی کارتێکه‌ریی هێرشی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی بۆ سووریا له‌سه‌ر دۆخی کورده‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌شڵێت: ئه‌و کارتێکه‌رییه که‌مه به‌ڵام هه‌ڵوێستی تورکیا بۆ پشتیوانی له هێرشی ئه‌مریکا دژ به ڕێککه‌وتنی نێوان ئه‌و وڵاته و ڕووسیا له‌باره‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری و قه‌له‌مڕه‌وی سووریا ده‌توانێت کاریگه‌ری له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی مۆسکۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره دابنێت و ڕووسیا داوای هه‌ندێک گه‌ره‌نتی دیکه له تورکیا بکات. ئه‌و دۆخه مومکینه له ده‌رئه‌نجامدا له به‌رژه‌وه‌ندیی کورده‌کاندا ته‌واو بێت و بۆ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا زۆر گونجاوه.
ده‌قی دیمانه‌ی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس له‌گه‌ڵ ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف توێژه‌ری باڵای پێوه‌ندییه‌کانی تورکیا و ڕووسیا له په‌یمانگای ئه‌نجومه‌نی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا به شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
کوردپرێس: ئایا هێرشی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی بۆ سه‌ر سووریا ده‌توانێت شه‌ڕێکی گه‌وره‌تر له نێوان ڕووسیا و ئه‌مریکای لێبکه‌وێته‌وه؟
ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: ئه‌و هێرشانه به شێوازێک داڕ‌ێژرابوو هێزی ڕووسیای نه‌کردبوووه ئامانج. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مریکا پێش هێرشه‌که زانیاریی پێویستی له‌سه‌ر شوێنی ئامانج دابوویه ڕووسیا هه‌ر بۆیه‌ش ڕووسیا یارمه‌تیی سووریای دا بۆ ئه‌وه‌ی خۆ ئاماده بکات بۆ هێرشی ئه‌مریکا. جت و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی گوازرانه‌وه شوێنێکی ئه‌من و هێزه‌کانیش له‌و شوێنانه‌ی بڕیار بوو ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بیکه‌نه ئامانج گوازرانه‌وه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت هێرشه‌که شتێکی سه‌مبۆلیک و به ڕواڵه‌ت بوو. ئه‌مریکا نه‌یده‌ویست پێگه‌ی خۆی له به‌رانبه‌ر ڕووسیا تووشی ته‌نگه‌ژه بکات.
کوردپرێس: ئایا هێرشه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی بۆ سه‌ر سووریا هاوسه‌نگییه‌کان له سووریا ده‌گۆرێت؟
ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: هێرشه‌کان ئه‌سه‌دی نه‌کردوووه ئامانج. جت و فڕۆکه ڕووسییه‌کانیشی تێک نه‌شکاند هه‌ر بۆیه‌ش هیچ شتێکی جیدی نه‌گۆڕدرا. پاش ئه‌وه‌ش هێزی ڕووسی و سووری به‌ره‌و که‌مپی یه‌رمۆک پێشڕه‌وی ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش وێنا ده‌کرێت به‌ره‌و باشوور و سنووری ئیسرائیل جووڵه بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌که پاک بکه‌نه‌وه.
کوردپرێس: ئایا هێرشه‌کانی ڕۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌مریکا بۆ سووریا پێگه و دۆخی کورده‌کانی سووریا ده‌گۆڕێت؟
ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: نه‌خێر به شێوازێکی به‌رچاو نایگۆڕێت ته‌نها لێکه‌وته‌یێک له‌و هێرشانه ده‌بینن ئه‌ویش هه‌ڵوێستی تورکیایه له به‌رانبه‌ر هێرشه‌که‌ی ئه‌مریکا (تورکیا پشتیوانیی هێرشه‌که‌ی ئه‌مریکای کرد). ئێوه بۆ خۆتان ئاگادارن ڕووسیا و تورکیا له سووریا به‌ردی بناغه‌ی هاوکارییان به‌یه‌که‌وه داناوه چوونکه ڕووسیا متمانه‌ی به تورکیا کرد. ڕووسیا ڕێگه‌ی به تورکیا دا بێته عه‌فرین و ئیدلیب چوونکه تورکیا به‌ڵێنی دابوو ڕێز له سه‌روه‌ریی سووریا بگرێت ئه‌وه‌ش به‌و مانایه ده‌بێت که هێزی تورکیا ڕۆژێک له ڕۆژان ئه‌و ناوچانه‌ی ڕووسیا داگیری کردوون به‌جێیان دێڵێت. ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی سووریا له ڕێککه‌وتنه‌که‌ی مۆسکۆ که له نێوان تورکیا و ڕووسیا و ئێران واژۆ کرا باس کرابوو به‌ڵام تورکیا ئێستا هه‌ڵوێسته‌که‌ی گۆڕیوه و پێشوازیی له هێرشه‌که‌ی ئه‌مریکا بۆ سووریا کردوووه که به ئاشکرا سه‌روه‌ریی ئه‌و وڵاته ده‌به‌زێنێت هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه ئێستا مومکینه ڕووسیا بیهه‌وێت گه‌ره‌نتیی بڕواپێکراوی زیاتری له تورکیا ببێت و کوردی سووریا ئه‌و هه‌له به گونجاو بزانێت بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا.
کوردپرێس: ئایا هێرشی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریکا بۆ سووریا کاریگه‌ری له‌سه‌ر ستراتێژیی ئه‌و وڵاته له سووریا داده‌نێت؟
ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: ئه‌و هێرشانه زیاتر گۆڕانێکی ئه‌وتۆیان له هاوسه‌نگیی هێزه‌کاندا دروست نه‌کرد به‌ڵام له لایێکی‌تره‌وه سه‌لماندیان ئه‌مریکا به ئاسانی ده‌توانێت هێرشی قورسی دژی سووریا ئه‌نجام بدات هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت ڕووسیا بۆ ڕێگاچاری نوێ بگه‌ڕێت له‌پێناو به‌رگری کردن له به‌رانبه‌ر هێرشی مووشه‌کیدا. بوونی هێزی ئه‌مریکی له باکووری سووریا پێوه‌ندیی به‌و کێشه‌یه‌وه نییه چوونکه ڕووسیا و ئه‌مریکا پێشتر ڕێککه‌وتبوون که‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی سووریا له ژێر به‌رپرسیارێتیی ئه‌مریکا بێت.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: سروور خدری
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment