به‌غدا هیچ بڕه‌ پاره‌یێكی‌ دیكه‌ بۆ هه‌رێم نانێرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومه‌تی عێراق هیچ بوودجه‌یێكی دیكه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نانێرێت و په‌رله‌مانتارێكی نزیک له ‌سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش په‌یامێک ئاراسته‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كات و ڕایده‌گه‌یێنێت "ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت و داهاته‌ فیدڕاڵیه‌كان ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌كات، ئه‌وا به‌غدا هیچ پاره‌یێک بۆ مووچه‌ نانێرێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جه‌بار عه‌بادی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند: ناردنی بڕی 317 ملیار و 545 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ مانگی ڕابردوودا، وەک نیازپاكیێک بوو به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا".

ناوبراو وتیشی: " له‌مه‌ودوا ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌ جێبه‌جێ كردنی مه‌رجه‌كانی عێراق له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له ‌ڕاده‌ست كردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ به ‌كۆمپانیای سۆمۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو داهاته‌ فیدراڵییه‌كان، ئه‌و خاڵانه‌ش له ‌یاسای بوودجه‌ی 2018 ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی نزیک له ‌حه‌یده‌ر عه‌بادی ئاشكراشی كرد ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده ‌نه‌بێت ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ و داهاته‌ فیدراڵیه‌كان ڕاده‌ستی ناوه‌ند بكات، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌غدا هیچ جۆره‌ پاره‌یێک بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم نانێرێت.

جه‌بار عه‌بادی ئه‌وه‌شی وت، له ‌دوای ئه‌و پاره‌یه‌ی چه‌ند ڕۆژێک پێش نه‌ورۆز بۆ هه‌رێم نێردرا، هیچ گوژمه‌یێكی دیكه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌نێردراوه‌، چوونكه‌ ناردنی هه‌ر بوودجه‌یێكی دیكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌رجه‌كانی حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌.

به‌وته‌ی ئه‌و په‌له‌مانتاره‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا، ده‌بێت مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن كه‌ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌یان پابه‌ند نه‌بێت به‌ڕاده‌ست كردنی نه‌وت و داهاته‌كان، ئه‌وه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر مووچه‌كانیان ده‌بێت، بۆیه‌ باشتر وایه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم بێته‌ ژێرباری یاسا بوودجه‌ی 2018وه‌.

سەرچاوە: SNN

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13277

Your Comment

You are replying to: .
captcha