هه‌ڵبژاردن، ئاراسته‌ی پێوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر- به‌غدا دیاری ده‌کات

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- زانا سه‌عید نوێنه‌ری کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس ئه‌نجام داوە و متمانه‌ی دووباره‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان به‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق به‌ دوور نازانێت به‌ڵام ئه‌و ڕووداوه‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.

کوردپرێس: له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق باس و پێشبینییه‌کان له‌ ساحه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ و هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی پێگه‌ی کورد له‌ داهاتووی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ و کارتێکه‌ریی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌سه‌ر ئاراسته‌ی پێوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر- به‌غدا گه‌رمه‌. ئه‌و شته‌ی که‌ زیاتر له‌ هه‌ر شتێک له‌ نێو ماڵی کورد ده‌بینرێت ململانێ و ناکۆکییه‌ و دۆخی ئێستا پێکهێنانی ئیئتیلافێکی گه‌وره‌ی کوردستانی بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراقی به‌ مه‌حاڵ نزیک کردۆته‌وه‌. وێڕای له‌به‌رچاوگرتنی ڕووداوه‌کانی پاش ڕیفراندۆم و لاواز بوونی هه‌رێمی کوردستان و قووڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌ نێوخۆیییه‌کان به‌رده‌وامیی ڕه‌وتی ئێستا زیاتر له‌ ڕابردوو کورده‌کان ده‌خاته‌ په‌راوێزه‌وه‌. بۆ ئاگادار بوون له‌ دۆخ و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ عێراق له‌ سه‌رده‌می پاش ڕیفراندۆم و ڕکابه‌رییه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ نێو حیزبه‌ کوردستانییه‌کان و کارتێکه‌ریی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌سه‌ر داهاتووی پێوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر- به‌غدا و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساحه‌ی سیاسیی عێراق هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ زانا سه‌عید نوێنه‌ری کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجام داوه‌ که‌ ده‌توانن له‌ خواره‌وه‌ بیخوێننه‌وه‌:

کوردپرێس: له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقداین. دۆخ و پێگه‌ی کورد له‌م قۆناغه‌دا و له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕووداوه‌کانی پاش گشتپرسی چۆن ده‌بینن؟

زانا سه‌عید: بێگومان پێگه‌ی کورد له‌م ڕه‌ده‌ هه‌ڕه‌شه‌یێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقدا به‌هۆی ڕووداوه‌کانی دوای گشتپرسی و ئه‌و سیاسه‌ته‌ شکست‌خواردوووه‌ی که‌ هه‌ر دوو حیزبی حوکمڕان له‌ هه‌رێمی کوردستان پیاده‌یان کرد و نه‌یانتوانی په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، وڵاتانی جیهان و له‌گه‌ڵ خودی عێراق و حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش به‌ سه‌رکه‌وتوویی به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن. گشتپرسی هۆکاری ئه‌وه‌ بوو که‌ بیانوو که‌وته‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی فشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و هه‌ڕه‌شه‌یێکی ڕاسته‌قینه‌ بکه‌وێته‌ سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و له‌ ئێستاشدا هیچ ڕێککه‌وتنێکی نیشتمانی نییه‌ له‌ نێوخۆی هه‌رێمی کوردستان و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پێوه‌ندییه‌کانیان باش نییه‌ و پێوه‌ندیی نێوان میلله‌ت و ده‌سه‌ڵات باش نییه‌ و له‌م دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش بکرێت و به‌م شێوه‌یه‌ بچنه‌ به‌غداش ناتوانن ده‌ستکه‌وتێکی ئه‌وتۆ وه‌ده‌ست بێنن بۆ هه‌رێمی کوردستان.

کوردپرێس: جه‌نابتان له‌ به‌غدان و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌کانن، ڕوانگه‌ی لیست و هاوپه‌یمانییه‌کان له‌ به‌غدا له‌ سه‌روبه‌ند و ده‌ست پێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ به‌غدا له‌ به‌رانبه‌ر کورد چۆن ده‌بینن؟ ئایا پڕۆژه‌یێکیان هه‌یه‌ هاوپه‌یوه‌ند به‌ کورد و هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌؟

زانا سه‌عید: ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی باس له‌ پاراستنی یه‌کپارچه‌ییی عێراق ئه‌که‌ن و باس له‌ گێرانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی ئیتیحادی ئه‌که‌ن به‌ سه‌ر هه‌موو هه‌رێمی کوردستان و به‌ سه‌ر داهاته‌ نه‌وتییه‌کان و ئه‌وه‌نده‌ پڕۆژه‌یان پێیه‌ بۆ عێراقێکی مه‌رکه‌زی و یه‌کگرتوو پڕۆژه‌یان پێ نییه‌ بۆ پێکه‌وه‌ژیان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و قووڵ کردنه‌وه‌ی سیسته‌می فیدڕاڵی و دابین کردنی مافی هاووڵاتییان. نه‌خێر من هه‌ستم به‌ هیچ لایه‌نێکی عه‌ره‌ب نه‌کردوووه‌ پڕۆژه‌یێکی ڕاگه‌یاندبێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پێکه‌وه‌ژیان و پاراستنی مافه‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان بێت به‌ڵکوو زۆربه‌ی داخوازی و ئامانجه‌کانیان به‌هێز کردنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی مه‌رکه‌زییه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێمی کوردستان.

کوردپرێس: له‌م قۆناغه‌دا ئایا ئه‌مه‌ که‌مته‌رخه‌می لایه‌نی کوردی نییه‌ بۆ ته‌عامول له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان که‌ بتوانن داکۆکی له‌ مافه‌ ڕه‌واکانی خۆیان بکه‌ن؟

زانا سه‌عید: لایه‌نه‌ کوردییه‌ حوکمڕانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دۆسته‌کانی خۆیان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ ده‌ست دا و ئه‌وه‌ش به‌هۆی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی نه‌گونجاو بوو. لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان نایانه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو حیزبه‌ حوکمڕانه‌ی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ نوێنه‌ره‌کانی خۆی بگۆڕێت و ئه‌م نه‌خشه‌ سیاسییه‌ی هه‌رێمی کوردستان گۆڕانکاری به‌ سه‌ردا بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌گه‌ڵ لایه‌نێک ئیش بکه‌ن که‌ پێشووتر ئه‌زموونی خراپیان له‌گه‌ڵی نییه‌ و ئه‌توانێت سه‌رڕاستانه‌ مامه‌ڵه‌ بکات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقدا.

کوردپرێس: جه‌نابتان وه‌کوو په‌رله‌مانتارێکی لایه‌نێکی تایبه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێشبینی گۆڕانکاری له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێم و هاوسه‌نگی هێز ده‌که‌ن پاش هه‌ڵبژاردن؟

زانا سه‌عید: پێشبینییه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ نین‌. ڕاسته‌ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان ناڕه‌زایه‌تیێکی زۆر زۆر ده‌که‌ن و گله‌یی له‌ حوکمڕانانی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ به‌ڵام تا ئێستاش هه‌ر دوو حیزبی گه‌وره‌ی کوردستان واتا پارتی و یه‌کێتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و هێزیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ کاریگه‌ری زۆریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران و خه‌ڵک و له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌توانن ده‌نگی ده‌نگده‌ران وه‌ده‌ست بێنن و ئه‌و ئه‌زموونه‌ شکست خواردوووه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌.

کوردپرێس: له‌ حاڵه‌تێکی وادا و له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی که‌ جه‌نابتان ئاماژه‌تان دا که‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و لایه‌نه‌کان له‌ به‌غدا نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو حیزبه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن پێتان وایه‌ بارودۆخی پێوه‌ندییه‌کان به‌ره‌و چ ئاراسته‌یێک ده‌ڕوات؟

زانا سه‌عید: پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو حیزبه‌ واتا پارتی و یه‌کێتی بتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق زۆربه‌ی ده‌نگ و کورسییه‌کان وه‌ده‌ست بێنن به‌شێکی زۆر له‌و ماف و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ ئێستاش ماوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕه‌نگه ئه‌ویش نه‌مێنێت و له‌ ده‌ست بچێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو حیزبه سیاسه‌ت کردنیان‌ له‌ 14 ساڵی ڕابردوودا له‌ ناو ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ شێوه‌یێکی باش به‌ڕێوه‌ نه‌بردوووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ سه‌ر هه‌مان شێوازی خۆیان و ئه‌وه‌ش وا له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ ببه‌نه‌ به‌ر یاسا و دادگاکان بۆ ئه‌وه‌ی فشارێکی زیاتر بسه‌پێته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بۆ نموونه‌ ئێستا دادگه‌ی ئیتیحادی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت سکاڵایێکی پێ گه‌یشتوووه‌ و ئیشی له‌سه‌ر ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ڕێگه‌ی نه‌درێت نه‌وت هه‌نارده‌ بکات و هه‌موو ئه‌و داهاتانه‌ی که‌ به‌ بۆنه‌ی نه‌وته‌وه‌ په‌یدا کردوووه‌ بیگێڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی ئیتیحادی و ئه‌م جۆره‌ فشارانه‌ له‌ داهاتوودا زیاد ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌رێمی کوردستان پارێزراو بێت ده‌بێ نوێنه‌ره‌کانی بگۆڕێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا.

کوردپرێس: دوای گشتپرسی و له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌دا هه‌ندێک لایه‌نی نوێ له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێم سه‌ریان هه‌ڵدا له‌وان هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری و به‌ره‌ی نوێ هاتنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ پێتان وایه‌ ئه‌مانه‌ بتوانن ده‌نگی جه‌ماوه‌ری ناڕازی له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ لای خۆیان ببه‌ن؟

زانا سه‌عید: خه‌ڵک حه‌ز به‌ هه‌موو شتێکی نوێ ده‌که‌ن. له‌ ڕاستیدا خه‌ڵک بێ‌تاقه‌ت و وه‌ڕه‌زه‌ له شێوازی کۆنی کارکردی سیاسه‌تی حیزبه‌ حوکمڕانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام من به‌ دیارده‌یێکی باشی ده‌زانم په‌یدا بوونی بزووتنه‌وه‌ و بزاڤی نوێ له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان که‌ بڕێکیان تازه‌ن بۆ سیاسه‌ت و ئومێدێک ده‌داته‌وه‌ خه‌ڵک و پێم وایه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ نوێیانه‌ش ژماره‌یێکن و ئه‌وانیش ده‌توانن کۆمه‌ڵێک کورسی به‌ده‌ست بێنن به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ری زۆری نه‌بێت که‌ بتوانن هاوکێشه‌که‌ بگۆڕن.

کوردپرێس: ئێوه‌ ئاماژه‌تان دا که‌ کورد گوتارێکی یه‌کگرتووی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا نییه‌، هۆکاره‌که‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ له‌ قۆناغێکداین که‌ له‌ لاوازترین پێگه‌ی خۆیدایه‌ به‌ڵام ناتوانن بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن و یه‌ک گوتاری.

زانا سه‌عید: به‌هۆی داکۆکی کردنی لایه‌نه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌کانی خۆیان و ئاماده‌ نه‌بوونیان بۆ سازش کردن بۆ یه‌کتر به‌ تایبه‌‌ت دوو حیزبی حوکمڕان که‌ زۆربه‌ی پله‌ و پۆست و ده‌ستکه‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ بنده‌ست خۆیان قۆرخ کردوووه‌ و ئاماده‌ نین سازش و نه‌رمی بنوێنن بۆ هاوبه‌شه‌ سیاسییه‌کانیان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رانبه‌ریشدا ئاماده‌ن سازش بنوێنن بۆ ده‌زگا موخابراتییه‌ جیهانییه‌کان و بۆ وڵاتان به‌ڵام بۆ خه‌ڵکی خۆیان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی خۆیان ئاماده‌ نین سازش بنوێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه‌ بتوانین ڕێککه‌وتنێک ئه‌نجام بده‌ین. له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ش لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش به پێویستی نازانن چیتر به‌رده‌وام بن له‌ پشتگیری کردنی سیاسه‌تی حیزبه‌ حوکمڕانه‌کان هه‌ر بۆیه‌ نه‌مانتوانیوه‌ گوتارێکی یه‌کگرتوو به‌‌ده‌ست بێنن.

کوردپرێس: پێتان وایه‌ به‌م په‌رته‌وازه‌یی و نه‌بوونی یه‌ک گوتارییه‌ پێگه‌ی کورد له‌ ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 به‌ تایبه‌تی له‌ که‌رکووک له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چی به‌ سه‌ر دێت؟

زانا سه‌عید: له‌ پارێزگاکانی که‌رکووک، نه‌ینه‌وا و دیاله‌ که‌ به‌شێک له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان دێنه‌ ئه‌ژمار، کورد ئێستاکه‌ 20 کورسیی‌ په‌رله‌مانی هه‌یه‌ به‌ڵام مه‌ترسییێکی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئه‌م کورسییانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد نه‌ماون و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی هه‌ڵبژاردنی کردوووه‌ له‌ که‌رکووک و هه‌روه‌ها ژماره‌یێکی زۆر خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ئاواره‌ بوونه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک هێزی چه‌کداری عه‌ره‌ب له‌و ناوچانه‌دا کاری خۆیان ده‌که‌ن و ئه‌مانه‌ هه‌موویان مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی جیدین که‌ کاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگی کورد، کورسیی کورد و پێگه‌ی کورد له‌و ناوچانه‌دا.

کوردپرێس: پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن لیسته‌که‌ی ئێوه‌ وه‌کوو لیستی نیشتمان هاوبه‌شی گۆڕان و کۆمه‌ڵ و ئیئتیلاف بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری بتوانێت زیاترین ده‌نگی کورد له‌وێ به‌ده‌ست بێنێت؟

زانا سه‌عید: لیستی نیشتمان بۆ ئه‌وه‌ دروست بوووه‌ که‌ بتوانێت فریای بارودۆخه‌که‌ بکه‌وێت و زه‌ره‌ره‌که‌ له‌ نیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌. بتوانێت ئومێدێک بداته‌وه‌ خه‌ڵکی که‌رکووک و ناوچه‌کانی‌تر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن و ده‌نگه‌کانیان به‌فیڕۆ نه‌چێت. پێشتر ئه‌گه‌ر هه‌ر حیزبێک به‌ ته‌نها به‌شداری بکردبایه‌ هیچ یه‌کیان نه‌یانده‌توانی کورسی به‌ ده‌ست بێنن و ده‌نگه‌که‌ به‌فیڕۆ ده‌چوو به‌ڵام ئێستا به‌هۆی لیستی نیشتمانییه‌وه‌ ده‌نگه‌کان کۆ ده‌کرێته‌وه سه‌ر یه‌ک‌ و پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ریه‌ک نیوه‌ی ده‌نگه‌کان وه‌ده‌ست بێنین.

کوردپرێس: باس له‌ دانووستان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک ده‌کرێت، جه‌نابتان وه‌کوو په‌رله‌مانتارێک له‌ به‌غدا ئایا ئاگاداری شتێکی وان و بابه‌تی دووهه‌م پێتان وایه‌ له‌ ئێستادا بۆچی شتێکی وا بڵاو ده‌بێته‌وه‌؟

زانا سه‌عید: پێم وایه‌ ئه‌مانه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ که‌ ئه‌یه‌وێت ئه‌م بارودۆخه‌ دروست بکات و زۆرێک له‌ مه‌عنه‌ویات بداته‌وه‌ خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆی ئه‌گینا لایه‌نی عێراقی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێزێکی چه‌کدار له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌ فه‌رمییه‌کانی عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌م شوێنانه‌. ڕه‌نگه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر ناونیشانی سوپای عێراق و له‌ژێر ناونیشانی هێزه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ر هێزێکی ڕه‌سمیی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی عێراق بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵام به‌ بۆنه‌ی دۆخی ئێستا که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان‌ یان سه‌ر به‌ یه‌که‌ی 70 و 80ی پارتی و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌ جارێکی‌تر ڕێگه‌یان پێ نادرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدام ئیداره‌یێکی هاوبه‌ش واتا ئیداره‌یێکی مه‌ده‌نی و ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ دروست بکرێت تا یه‌کلا ده‌بێته‌وه‌. ئێستاش ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ که‌ ده‌کرێت لایه‌نی ڕه‌سمیی عێراقی ڕه‌تی کردۆته‌وه‌ و له‌ هه‌رێمی کوردستانیش ته‌نها لایه‌نێک زیاتر باس له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌کات ته‌نها بۆ مه‌ڕامی هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌گینا هیچ بنه‌مایێکی نییه‌.

کوردپرێس: به‌رپرسانی سه‌ربازیی هه‌رێمی کوردستان ڕایان‌گه‌یاندوووه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی دواییدا دانووستان له‌ نێوان ئه‌وان و لایه‌نی به‌ریتانی و ئه‌مریکی بوووه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێتان وایه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا له‌ چیدایه‌ که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌؟

زانا سه‌عید: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا زۆرێک داعش له‌و ناوچانه‌ په‌یدا بوووه‌ و پێشمه‌رگه‌ داوا ده‌کات ڕۆڵی هه‌بێت له‌ دابین کردنی ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ بۆیه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داوایان له‌ ئه‌مریکا و به‌ریتانیا کردوووه‌ که‌ ڕێگایێکیان بۆ بکه‌نه‌وه‌ ئه‌وانیش بوونیان هه‌بێت له‌م ناوچانه‌دا و هێزه‌کانیان بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر واش بێت من پێم وایه‌ به‌ کوشتن‌دانی ژماره‌یێک پێشمه‌رگه‌ و کوڕی فه‌قیره‌ بۆ هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندیی نادیار و من ئه‌وه‌ به‌ شتێکی ڕه‌وا نازانم و ده‌وڵه‌تی عێراقیش ئاماده‌ نییه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ مه‌گه‌ر بارودۆخێکی ناخۆشی ئه‌منیی له‌و ناوچانه‌دا دروست بێت و له‌ژێر کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی نه‌مێنێت که‌ شتێکی وا له‌م قۆناغه‌دا چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 13274

Your Comment

You are replying to: .
captcha