سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات عێراق بەرپرسیاریه‌تی یاسایی و ئەخلاقی بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێ بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە 33هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاو کردەوە و رایگەیاند: داواکارین حوکومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه‌ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی بەعس و شه‌هیدبونى زیاتر له‌ پێنج هەزار هاوڵاتیی بێتاوان و برینداربونی هەزارانی دیکە و وێرانبونی شارەکە و ده‌ربه‌ده‌ربونی خەڵکەکەیدا، تێدەپەڕێت، لە یادی هەرگیز لەیادنەچوی ئەو مه‌رگه‌ساته‌ گەورەیەی بەسەر گەلەکەماندا هات، وێڕای درود و سڵاو و سەردانه‌واندن لە ئاست شەهیدان و قوربانییەکاندا، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌ییی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەینەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم یادەدا دوبارە جەخت لە بایەخدانی زیاتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەنەوە، خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتوانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کردووە، "داواکارین حکومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه‌ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبوکردنەوەی دانیشتوان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت".

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "لە یادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌که‌ین کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەمو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای مردن، دەبێ ئه‌مه‌ خەمی هەمو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییه‌تدا".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1326

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha