ئه‌ردۆغان: "ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر سووریا به‌ راست ده‌زانین"

بەشی تورکیا- رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان لەبارەی هێرشی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌ر سووریا رایگه‌یاند: "ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ به‌ راست ده‌زانین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان بەر لە به‌شداری كردنی له‌ شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی لقی فاتحی پارته‌كه‌ی، گوتارێكی پێشكه‌ش كردو تێیدا لەبارەی هێرشی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌ر سووریا، رایگه‌یاند: "ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ به‌ راست ده‌زانین".

ناوبراو گوتیشی: "ناگونجێت سازش بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ی به‌هۆی چه‌كی كیمیاییه‌وه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی تێكه‌وتووه‌. بكه‌ری ئه‌وه‌ هه‌ركه‌سێك بێت پێویسته‌ باجه‌كه‌ی بدات. به‌و شێوه‌یه‌ش بینیمان هه‌ڵكشانی هێرشی نامرۆڤانه‌ و نایاساییانه‌ی چه‌ند رۆژی دوایی رژێم بۆ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن بێ وه‌ڵام نامێنیته‌وه‌".

سه‌ركۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌ هێزی وڵاته‌كه‌ی كرد له‌ سووریا و رایگه‌یاند: "ته‌نیا هێز له‌ سووریادا كه‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی سه‌رله‌نوێ كردبێته‌وه‌ شوێنی ژیان، توركیایه‌".

له‌باره‌ی ره‌وشی سووریا، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی له‌و وڵاته‌ ده‌گوزه‌رێت جیاوازن و، گوتی: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌و یارییانه‌ی له‌ سووریا ده‌كرێن جودان.

ناوبراو زیادی کرد ئێمه‌ زۆر ده‌مێكه‌ له‌م یارییه‌ تێگه‌یشتووین. ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌ داعش بێت، ئێمه‌ له‌به‌رامبه‌ر داعشدا جه‌نگاوین. ئێمه‌ خه‌باتی خۆمان دژ بە داعش كردووه‌. له‌ كوێ؟ له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتدا سێ هه‌زار (چەکداری) داعشمان له‌و ناوچه‌یه‌ پاك كرده‌وه‌".

ئەردۆغان هه‌ر لەبارەی ھێرشەکەی سەر سووریا گوتی: "کەمێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ ماکرۆن دەکەم. هاوڕێیانیشم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پوتین له‌ په‌یوه‌ندیدان. له‌گه‌ڵ ئه‌و و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێش لەگەڵ ئه‌مریكاش گفتوگۆ ده‌كه‌ین".

هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان گوتی: "ئێستا لێره‌وه‌ بانگه‌وازێك ئاراسته‌ی هه‌موو جیهان ده‌كه‌م: وه‌رن هه‌موو جۆره‌ چه‌كه‌ كۆكوژه‌كان به‌ كیمیایی و چه‌كه‌ رێگەپێنەدراوەکان و داهاتووی ئه‌و چه‌كانه‌ی ئێستا هه‌ن بخه‌ینه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. وه‌رن با دوابین قه‌یران كه‌ له‌ سووریا ده‌گوزه‌رێت بكه‌ینه‌ هۆكارێك كه‌ ئه‌و هه‌موو توانایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی به‌كاربهێنین، نه‌ك بۆ چه‌كی ئه‌تۆمیی نوێ و پرۆژه‌كانی پڕچه‌ك كردنی چه‌كی رێگەپێنەدراو".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 13254

Your Comment

You are replying to: .
captcha